لە کەرکووک دوا بڕیار لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەدرێت

لە کەرکووک دوا بڕیار لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەدرێت
رۆژی سێشەممە 28-3-2017 ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی کەرکووک کۆدەبێتەوە. پارێزگاری کەرکووک سورە لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر فەرمانگە حکومییەکان و دڵنیایش دەدات، ئەنجوومەن دەیکاتە بڕیار و پەسەندی دەکات.

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک راگەیاند "ئەنجوومەنی پارێزگا کۆبوونە دەکات و، دەنگی لەسەر دەدات، کە دەنگی لەسەر درا، ئێمە داوامان کردووە بودجەشی بۆ تەرخان بکرێت، بۆ ئەوەی لە هەموو فەرمانگەکانمان ئاڵای نوێی عێراق و کوردستان بەیەکەوە هەڵبدرێت".

بەرەی تورکمانی، هۆشداری دەدات و هەڕەشەی جوڵاندنی شەقام دەکات، ئەگەر ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک پەسەند بکات.

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق دەڵێ "کەرکووک ئاگرە، ئەگەر گڕبگرێت هەموومان دەسووتێنێت، بۆیە دەڵێم بەڕێز نەجمەدین هەڵە دەکەیت، هیوادارم بە بڕیارەکەتدا بچیتەوە، ئەگەرنا ناتوانین پێش لە گەنجە خوێن گەرمەکانمان بگرین کە رژانە سەر شەقام. من دەزانم ئەجیندایەک لەپشتی ئەو بابەتەوە هەیە".

پێکهاتەی عەرەب بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن، بەڵام ئامادەنین دەنگ لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بدەن، هەر هەوڵێکی لەو جۆرەش بە پێچەوانەی دەستوور دەزانن.

خالید ئەلمفەرجی، نوێنەری عەرەب لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ "ئەم پارێزگایه تائێستا بەشێکە لە حکومەتی ناوەندی، لە دەستووریشدا به ناوچەی جێناکۆک هاتووە، بۆیە ئەگەر ئاڵای کوردستان هەڵبکرێ، ئەوە پێچەوانەی دەستوورە و نابێت. بەدڵنیاییەوە عەرەب ئامادەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن دەبێت، بەڵام لەگەڵ رێککەوتنن، ئەگەر سوور بن لەسەر ئەوەی ئێستا هەیە، عەرەب دژی دەبێت".

کورد، خاوەنی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگایە و، دڵنیاییە لەوەی ئەو پرسە بە ئاسانی تێدەپەرێنێت، بەڵام بۆ دوای ئەوە، پێناچێت عەرەب و تورکمان بەتایبەتی لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بێدەنگ و بێ هەڵوێست بمێننەوە.




رووداو
Top