نێچیرڤان بارزانی: بەدڵنياییەوە ئەمساڵ ریفراندۆم ئەنجام دەدەین

نێچیرڤان بارزانی: بەدڵنياییەوە ئەمساڵ ریفراندۆم ئەنجام دەدەین
نێچیرڤان بارزانی رایدەگەیەنێت لەمساڵدا ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدەن و ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات تا ئێستا بەفەرمی لەگەڵ تورکیادا ئەو پرسەیان باس نەکردوە.

لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی فیلیی ئەمەریکی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەڵێت "بەدڵنیاییەوە ئەمساڵ ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەین."

بارزانی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەنجامدانی ریفراندۆم بەمانای ئەوە نایەت دەستبەجێ سەربەخۆیی رابگەیەنن، بەڵکو ئەوە پیشانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەدات کە هاوڵاتیان چییان دەوێت.

هەروەها سەرۆکی حکومەت باس لەوەش دەکات کە ئەوان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەردەمە کۆنەکان و پێی وایە "عێراقی دوای موسڵ هەمان عێراقی پێش موسڵ نابێت."

لەبارەی هەڵوێستی تورکیاوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "بەشێوەیەکی فەرمی باسی ئەو بابەتەمان لەگەڵ تورکیا نەکردوە. بەڵام پێمان وایە ئەوان ئامادەن بۆ گوێگرتن."

لەبەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەداو لەبارەی هەڵوێستی ئەمەریکاوە بارزانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات گەر ئەمەریکا عێراقێکی یەکگرتوویان دەوێت، لەواقعدا چیتر ئەوە بوونی نییە." هەروەها دەڵێت "ئەگەر ئەوان سەقامگیرییان دەوێت، دەبێت مامەڵەیەکی جەوهەری لەگەڵ کوردستاندا بکەن."

لەبارەی دانانی بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکییەوەیە لەخاکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت دەڵێت "ئەگەر ئەمەریکا پێویستی بەبوونی بنکەیەک بوو لەکوردستان سەرکردەکانی ئێمە پێشوازیی لێ دەکەن."
xandan -
Top