"کافتریاکان بوونەتە ناوەندێک بۆ بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان"
ئەنوەر عەرەب، ڕاھێنەری بەگژداچوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان، لە لێدوانێکدا، ڕایگەیاند: "بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان لە ھەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوەی جێکەوتەی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە پێی دەگوترێت سێ گۆشەی زێڕین بۆ ماددە ھۆشبەرەکان، بەتایبەت ھاوسنوورە لەگەڵ ئێران، کە بە ناوەندێکی بەھێزی ترانزێتی ماددەی ھۆشبەر دەناسرێت، ئەمەش وایکردووە، ماددەی ھۆشبەر ڕوو لە زیادبوون بکات".
ئەو ڕاھێنەرەی بەگژداچوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ڕۆژانە لەلایەن تیمەکانی ئاسایشەوە دەستبەسەر ماددە ھۆشبەرەکان دەگیرێت، سەرەڕای ئەمانەش ناوە ناوە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستاندا دەست بەسەر کارگەی بچووکی بەرھەمھێنانی ماددەی ھۆشبەر یان کێڵگەی ماددەی ھۆشبەر دەگیرێت، بەڵام چاودێرێکی تووند لەڕووی ئەمنیء تەندروستییەوە لەسەر قاوەخانە و کافتریاکان نییە، چونکە بوونەتە ناوەندێک بۆ بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان".
ئاشکراشی کرد: "ڕێگایەکی بەھێزی گواستنەوە ء بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان، ھاتنە ناوەوەی کرێکار ء گەشتیارانی بیانییە، بەتایبەت کرێکاران، کە دەکرێت بەشێکیان ئالوودەبووی ماددەی ھۆشبەر بن، لەگەڵ خۆیاندا کەسانی تر تووش بکەن، یاخود وەک بارزگانیکردن بەکاری بھێنن".
ئەنوەر عەرەب، ڕاھێنەری بەگژداچوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان، ، گوتیشی: "سزای بەکاھێنەرانی ماددەی ھۆشبەر لە ھەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای سزادانی عیراقی ژمارە 68 ساڵی 1965 لە ساڵێکەوە تا دوو ساڵە یان غەرامەکردنی تا 450 ھەزار، بەڵام بازرگانی پێوەکردنی لە زیندانی ھەتاھەتایی تا لە سێدارەدان دەگرێتەوە".
باسنیوز
