د. عەرەفات کەرەم: کێشەکانی سەدر و مالیکی ئاستەنگ بۆ چوونی شاندی کوردستان دروست دەکەن
د. عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند: "چوونی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ ئەمریکا و جەختی ئیدارەی ئەمریکا بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی هەڵوەشێنێتەوە هاوکێشەکان دەگۆرێت".
ئەو ئەندام پەرلەمانە کوردە گوتیشی: "حەشدی شەعبی نامێنێت، ئیدارەی ئەمریکاش بە عەبادی گوتووە دەبێت حەشد نەمێنێت، موقتەدا سەدریش، گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی بوونی حەشد لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە و دەبێت چارەسەر بکرێت، چونکە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ڕەنگە حەشدی لیستی سیاسی هەبێت کە دەنگیان دەڕوات بۆ لایەنێکی دیاریکراو کە ئەجێندای وڵاتێکی هەرێمی پەیڕەوی دەکات".
ئەوەشی خستەڕوو، "ئەو هەڕەشانەی لە موقتەدا سەدر، کراون هەڕەشەی جددین و هەموو ئەوانە هەڕەشەیان لەسەدر کردووە کە سەر بە وڵاتێکی هەرێمین کە دەیانەوێت وەلایەتی فەقهی لە عێراق بمێنێتەوە، بۆیە لەم ڕۆژانە مەترسی گەورە هەیە لە نێوان موقتەدا سەدر و نووری مالیکی، وای کردووە کە چوونی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ئاستەنگی تێ بکەوێت، چونکە دەبێت لە کەشێکی ئارامدا سەردان بکرێت".
گوتیشی: "ئەمریکا و سعوودیە و هاوپەیمانان لەوە تێگەیشتوون حەشد سەر بە ئێرانە و دەبێت هەڵبوەشێتەوە، سەدر بۆی دەرکەوتووە حەشد بمێنێتەوە، دەکەوێتە ژێر دەستی لیستە نەیارەکانییەوە."
باسنیوز
