بەهۆی چەکدارانی پەکەکەوە منداڵانی خانەسۆر لە خوێندن دادەبڕێن

 بەهۆی چەکدارانی پەکەکەوە منداڵانی خانەسۆر لە خوێندن دادەبڕێن
بەهۆی مەترسیی چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، منداڵانی کۆمەڵگەی خانەسۆر لە سنووری شنگال، لە خوێندن دادەبڕێن.

خەیری زیبان، نوێنەری خەڵکی خانەسۆر لە ئەنجومەنی شارۆچکەی شنگال رایگەیاند، دوای رزگارکردنەوەی ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، قوتابخانەیەک بۆ ئاوارە گەڕاوەکان لە خانەسۆر کرابووەوە.

خەیری زیبان هەروەها رایگەیاند، کە بەهۆی ترسیان لە چەکدارانی سەر بە پەکەکە، ئەو خێـزانانە جارێکی دیکە ناوچەکەیان بەجێ هێشتووەتەوە و منداڵەکانیش لە قوتابخانە دابڕاون.

دوای رزگارکردنەوەی شاری شنگال و دەوروبەری لەلایەن هێزی پێشمەرگە و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2015، ژمارەیەک چەکداری پەکەکە لە ناوچەکە جێگیر بوون و کێشە بۆ هاووڵاتییان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دروست دەکەن.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.














باسنیوز
Top