لە خوۆماتوو سوننەكان لە ترسی حەشدی شەعبی ناوێرن گوندەكانیان ئاوەدان بكەنەوە"
فاروق ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو لەم بارەوە ڕاگەیاند: "دوای هێرشەكەی چەكدارانی داعش بۆ سەر گوندی (چارداخلی) شیعەنشین، هەڵمەتی ڕەشبگیری لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە بۆ سەر گوندە سوننەنشینەكانی سنووری (چەرداخلی) دەستی پێ كردووە، گومان لە هەر كەسێك بكەن، دەستگیری دەكەن، بەڵام بە ئاشكرا و لەسەر شەقامەكان وەك پێشتر خەڵك ناكوژن، بەڵكوو بێ سەروشوێنیان دەكەن".
جەختیشی كردەوە: "هەموو ئەو كەسانەی لەو سنوورەدا لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەستگیر و بێسەروشوێن دەكرێن، توركمان و سوننە مەزهەبن، هەروەها چەكدارانی حەشدی شەعبی لە گوندەكانی باشووری خورماتوو و سلێمان بەگ باڵادەستن، چونكە بەشی زۆری ئەو گوندانە شیعەنشینن و ئەو گوندانەشی كە سوننە مەزهەبن، ئاوەدان نەكراونەتەوە، چونكە ئەگەر بێت و سوننەكان بیانەوێت گوندەكانیان ئاوەدان بكەنەوە، چەكدارانی حەشدی شەعبی دەیانکوژن".
پێش دوو ڕۆژ چەكدارانی داعش لە سنووری خورماتوو هێرشیان كردە سەر گوندی (چارداخلی)ی شیعە نشین و سەرجەم ئەندامانی خێزانێكیان سەربڕی، بەو هۆیەشەوە پێكدادان لە نێوان چەكدارانی حەشدی شەعبی و چەكدارانی داعشدا ڕووی دا.
باسنیوز
