14 هاووڵاتی و چەكداری حەشدی شەعبی كوژران و بریندار بوون

14 هاووڵاتی و چەكداری حەشدی شەعبی كوژران و بریندار بوون
شەوی ڕابردوو، چەكدارانی ڕێكخراوی داعش لە دوو قۆڵەوە هێرشیان كردە سەر گوندی (چەرداغلی) و ناوچەی حەفرییە لە ڕۆژئاوا و باشووری قەزای خورماتوو، لە ئەنجامدا 14 هاووڵاتی و چەكداری حەشدی شەعبی كوژران و بریندار بوون.



محەمەد فایەق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای خورماتوو، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند "كاتژمێر 11,30 خولەكی شەوی ڕابردوو، چەكدارانی داعش لە ڕۆژئاوای قەزای خورماتوو هێرشیان كردووەتە سەر گوندی چەرداغلی و لە باشووریشەوە هێرشیان كردووەتە سەر ناوچەی حەفرییە كە دەكەونە ژێر دەسەڵاتی چەكدارانی حەشدی شەعبی و بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو، بەو هۆیەوە 14 هاووڵاتی و چەكداری حەشدی شەعبی كوژران و بریندار بوون".



گوتیشی "8 كەس لە كوژراو و بریندارەكان ئەندامی یەك خێزانن و ڕێكخراوی داعش كە چووەتە ناو گوندی چەرداغلی دەستگیری كردوون و دەستڕێژی گوللەی لێ كردون و بەو هۆیەوە ژمارەیەكیان كوژران و ژمارەیەكی دیكەشیان بریندار بوون".



فایەق ئاماژەی بەوەش دا "لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی داعش دا، بەیانی ئەمڕۆ 24/3/2017 چەكدارانی حەشدی شەعبی بە شێوەیەكی نایاسایی هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینان لە گەڕەكەكانی عەسكەری و تین دەست پێ كردووە".
bas news-
Top