لە کەلار بەهۆی هەستانی لافاو ئاو دەچێتە چەند ماڵێکەوە

لە کەلار بەهۆی هەستانی لافاو ئاو دەچێتە چەند ماڵێکەوە


قایمقامی قەزای كەلار ڕای دەگەیەنێت بەهۆی درووستبوونی لافاوەوە ئاو چووەتە ژمارەیەك ماڵ لەو گەڕەكانەی بە شێوەیەكی زیادەڕۆیی درووست كراون، بەڵام لەلایەن تیمەكانی خزمەتگوزاری شارەوانی كەلارەوە كێشەكانیان چارەسەر كردووە و تا ئێستا هیچ زیانێكی گیانی و مادی بەهۆی درووستبوونی لافاوەوە ڕووی نەداوە.



شەهاب حاجی ئەحمەد، قایمقامی قەزای كەلار، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند "بەهۆی باران بارینی زۆر و درووستبوونی لافاو لە سنوورەكەدا ئاو و چووەتە ژمارەیەك ماڵ لەو گەڕەكانەی بە شێوەیەكی زیادەڕۆیی دروست كراون، بەڵام لەلایەن تیمەكانی خزمەتگوزاری شارەوانی كەلار و ژووری عەمەلیاتەوە كێشەكانیان چارەسەر كراوە و تا ئێستا هیچ زیانێكی گیانی و مادی بەهۆی لافاوەوە ڕووی نەداوە".



گوتیشی "دوێنێ 23/3/2017 پاش ڕاگەیاندنی مەترسیی درووستبوونی لافاو لە سنوورەكە ژوورێكی عەمەلیاتمان پێكهێنا كە لە 5 تیمی گەڕۆك و 4 تیمی جێگیر پێكهاتبوون بۆ بە هاناوەچوونی هاووڵاتیان لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراودا".



لەلایەكی ترەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات "لە شارەدێی ڕزگاری ئاستی ئاو لە ژمارەیەك گەڕەك بەرز بووەتەوە و ئاو چووەتە چەند ماڵێكەوە، بەڵام هیچ زیانێكی بەدواوە نەبووە".



پۆلیسی گەرمیان داوا لە هاووڵاتیانیش دەكات "لەكاتی بوونی لافاو لە هەر گەڕەكێكدا پەیوەندی بكەن بە ژمارە 104 ی پۆلیسی فریاكەوتنەوە".

bas news-
Top