داوای كردنە دەرەوەی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان دەكرێت

داوای كردنە دەرەوەی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان دەكرێت


بە ئیمزای 303 كەسایەتی سیاسی و مەدەنی و ڕێكخراوی جیاوازی رۆژئاوای كوردستان، داوای كردنە دەرەوەی پەكەكە و ڕێكخراوەكانی سەر بە پەكەكە لەو پارچەیەی كوردستان دەكرێت.


303 چالاكوان و سیاسەتمەدار و ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی ئیمزایان لەسەر بەیاننامەیەك كردووە، تیایدا داوای ئەنجامدانی چەند چالاكییەكی مەدەنی و رۆشنبیری و سیاسی دەكەن بە ئامانجی كردنە دەرەوەی پەكەكە لە شارەكانی رۆژئاوای كوردستان.


كۆكردنەوەی دەیان ئیمزا لەلایەن ئەو كەسایەتییانەی رۆژئاواوە لە ئەنجامی كردەوەكانی پەكەكەیە لە توندوتیژی و بە زۆر سەپاندنی سەربازی بەسەر گەنجان و منداڵانی رۆژئاوادا، هەروەها بە هۆی كردەوەكانی رفاندنی چالاكوانان و سیاسەتمەداران و بەندكردنیانە لە رۆژئاوای كوردستان. سەرباری سەركوتكردنی سەرجەم حزبە سیاسییەكانی رۆژئاوا و بەڕێوەبردنی ناوچەكە بە سیاسەتێكی تاكڕەوانە.


لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە ماوەی 30 ساڵە پەكەكە هەڕەشە لە رۆژئاوای كوردستان دەكات و ترس و تۆقین بڵاودەكاتەوە.


هەروەها داوایان كردووە چیتر سەربازی بە زۆر نەسەپێندرێ، تەنانەت ماوەیەكە ڕێكخراوەكانی سەر بە پەكەكە لە رۆژئاوا سەربازی بەسەر بە تەمەنەكانیشدا دەسەپێنن.


هەروەها داوای نەهێشتنی رفاندنی منداڵان و سەپاندنی باج و سەرانەیان كردووە. لەگەڵ نەهێشتنی بە زۆر دوورخستنەوەی خەڵك و پرۆگرامی خوێندنی ئایدیۆلۆجیانە و سیاسەتی برسیكردن و یاریكردن بە بژێوی خەڵك.

bas news-
Top