7 ڕێكخراوی مافی مرۆڤ ناڕەزایی بەرانبەر PYD دەردەبڕن

7 ڕێكخراوی مافی مرۆڤ ناڕەزایی بەرانبەر PYD دەردەبڕن

7 ڕێكخراوی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە سووریا ناڕەزایی و نیگەرانی خۆیان بەرانبەر ڕەفتارەكانی PYD دەرهەق بە پارتە سیاسییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە رۆژئاوای كوردستان دەربڕی.


حەفت ڕێكخراوەكە دوێنێ پێنجشەممە بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردووەتەوە، كۆپیەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە و تیایدا هاتووە "دەسەڵاتەكانی خۆبەڕێوەبەری كە بریتیین لە ئاسایشی پەیەدە و گەنجانی شۆڕشگێر لەوەتەی 14ی ئادارەوە دەستیان كردووە بە هەڵكوتانە سەر ئەو حزب و بزوتنەوە و ڕێكخراوانەی چەندین ساڵە لە جزیرە و عفرین و كۆبانێ كار دەكەن.


لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە پەیەدە هەر حزبێكی قەدەخە كردووە كە لە ژێر چەتری خۆیاندا (پەكەكە) نەبن، بەم شێوەیە دەستیان كردووە بە داخستنی دەرگای بارەگای سەرجەم حزبەكانی ناوچەكە. هەروەها هەڕەشە لە ئەندامانی ئەو حزبانە دەكەن و هەندێكیان دەڕفێنن.


ئەو ڕێكخراوانەی بەیاننامەكەیان بڵاوكردبووەوە، بریتیین لە ڕێكخراوی كوردی بۆ مافی مرۆڤ لە سووریا (DAD). ڕیكخراوی عەرەبی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە سووریا. ڕیكخراوی بەرگری لە دەستگیركراوەكانی بیروڕا لە سووریا (ڕوانگە). ڕێكخراوی نیشتمانی بۆ مافی مرۆڤ لە سووریا. ڕێكخراوی مافی مرۆڤ لە سووریا (ماف). لیژنەی كوردی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە سووریا (الراصد). لیژنەكانی بەرگری لە ئازادیە دیموكراتییەكان و مافەكانی مرۆڤ لە سووریا.
bas news-
Top