پێوەند بە زمانی کوردی و سێ کۆلێژەکە وەزارەتی خوێندنی باڵا سوورە لەسەر بڕیارەکەی
وەزارەتى خوێندنى باڵا لەبارەی گۆڕینى سیستەمى وەرگرتن لە کۆلێژەکانى (پزیشکى، ئەندازیارى، زانست) و نەهێشتنی مەرجی زمانی كوردی ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە، تیایدا سووربوونی خۆی لەسەر بڕیارەكان دووپات كردووەتەوە.
لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە كە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ساڵى پارەوە هەنگاو بەهەنگاو دەستی بە گۆڕانکارى كردووە لە سیستمى ناوەندى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان، وەک شێوازى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى و بڕیارى ئەژمارکردنى تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکان، چونکە ئەو شێواز و سیستەمى وەرگرتنەی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ حەز و ئارەزووى خوێندکاران یەک ناگرێتەوە، هەروەک یەکێک لە ئاستەنگەکانى بەردەم پێشکەوتنى ئاستى زانستى زانکۆکان، وەرگرتنى خوێندکاران بوو بەو سسیتەمە کۆنەى لە کوردستان و عێراق پەیڕەو دەکرێ.
وەزارەتەكە نووسیویەتی بە ئامانجى پێشخستنى ئاستى زانستى زانکۆکان و ڕەچاوکردنى حەز و ئارەزووى خوێندکاران، دەستى بە کۆمەڵێک گۆڕانکارى لە ناوەندى وەرگرتن کرد، بڕیارى ئەژمارکردنى نمرەى وانەکانی زمانی کوردى و زمانی عەرەبى بە شێوەى ئارەزوومەندانە، بەشێکە لەو زنجیرە بڕیارانەى کە بۆ باشکردنى دۆخى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان و بەتایبەت لە کۆلێژەکانى (پزیشکى، ئەندازیارى، زانست) دراوە.
بڕیارەکەش کە لە دواین کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت دراوە، بڕیارى سەرجەم ئەندامانى ئەنجومەنە، کە لە ڕاوێژکاران و سەرۆکى سەرجەم زانکۆکان لەخۆ دەگرێ و، هیچ پەیوەندى بەسیاسەتەوە نیە.
وەزارەتەکە جەخت لە ڕوونکردنەوەى پێشترى دەکاتەوە و دەڵێ "ئەم بڕیارە تەواو بڕیارێکى زانستى و ئەکادیمیە، لەلایەن بەرزترین دەسەڵاتى زانستى یاسایى کە ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵایە دراوە، پەیوەندى بە هیچ لایەنێکى سیاسییەوە نیە، بۆیە ناکرێ ئەم بڕیارە بە سیاسى بکرێ و تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان بکرێ، شیکردنەوەى سیاسى بۆ بکرێ، هەروەک دەبێ لایەنە سیاسییەکان لەوە گەورەتر بیر بکەنەوە، خۆیان تێکەڵ بە لایەنى زانستى و ئەکادیمى نەکەن، چونکە ئەو بڕیارانەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەیاندات، دواى دیراسەتکردنێکى زۆر و هەڵسەنگاندنێکى وردى ئەکادیمى ئینجا پەسندیان دەكات، لە سەرجەم بڕیارەکانیشدا ڕەچاوى پێگەیاندنى نەوەیەکى باشتر و کاراتر بۆ داهاتووى کۆمەڵگەکەمان دەکرێ و کراوە".
لە بەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە كە ئەنجومەنى وەزارەت بە هیچ شێوەیەک دژى زمانى کوردى نیە، بەڵکو لە ڕێگەى چەندین پڕۆژەى جیاوە بەردەوامە لە پێناو خزمەتکردن بە زمان و ئەدەبى کوردى و ئەو کارەشى بە یەکێک لە کارە سەرەکیەکانى خۆى زانیوە و دەزانێ.
لە کۆتاییشدا داوای لە لایەنە سیاسییەکان كردووە، دەرفەتى کارکردن بۆ لایەنى ئەکادیمى و زانستى بهێڵنەوە و هەموو کایەکانى ژیان بە سیاسەت نەکەن، چونکە ئەنجومەنى وەزارەت سەرجەم بیروڕا سیاسیە جیاوازەکانى لەخۆ گرتووە، بەڵام هەمووان لەسەر بڕیارە زانستى و ئەکادیمییەکان کۆکن، چونکە هەمووان خاوەن پاشخانێکى ئەکادیمى دەوڵەمەندن و نوێنەرایەتى ناوەندێکى ئەکادیمى گرنگ لە کوردستان دەکەن، بۆیە جارێکى دیکە داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەین، ئەم بڕیارەى ئەنجومەنى وەزارەت بە سیاسى نەکەن، بەڵکو وەک بڕیارێکى ئەکادیمى و زانستى لێی بڕوانن.
bas news-
