جوان حەسەن: پێدانی کارتی نیشتیمانی به عەرەبی ھاوردە، به واتای نهگهڕانهوه بۆ تۆماری 1957
(جوان حەسەن) ئهندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکه لهسهر لیستی برایهتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "دوای ئەوەی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھەڵوێستی لەبارەی نووسینی ناوی تەئمیمهوه لە بری کەرکووک وەرگرت و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەندا دروستکردنی ئەو کارتەی رەت کردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارتی نیشتیمانیی عێراقی، بڕیاری دا لەبڕی ناوی تەئمیم ناوی رەسەنی شارهكه واتە بە کەرکووک تۆمار بکرێت، بەڵام کێشە لەوەدایە ئایا ئەو کارتانەی پێشتر بە تەئمیم نووسرابوون، چارەنووسیان چیی دەبێت و چۆن ناوی تەئیمیم دەسڕێتەوە، چونکە پێش ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیاری راگرتنی کارتی نیشتیمانی بدات، ژمارەیەکی بەرچاو ھاووڵاتی کەرکووک کارتی نیشتیمانییان دروست کردووە و ناوی پارێزگاکە بە تەئمیم تۆمار کراوە، ئەوەش بۆ ئێمهی كورد مایهی قهبووڵکردن نییە.''
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک روونی کردەوە "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارتی نیشتیمانیی عێراق، ھەڵەیەکی دیکەی گەورە لەبەرامبەر کەرکووک کردوویەتی ئهوهیه، بە دروستکردنی نیشتیمانی بۆ ئەو عەرەبە ھاوردانەی ساڵانی حەفتاکان و ھەشتاکانی سەدەی رابردوو ھاتوونەتە شاری کەرکووک، چونکە ئەگەر بەوشێوەیە کارتی نیشتیمانی بۆ عەرەبی ھاوردە بکرێت، ئەوا کار بە ئامار و تۆماری ساڵی 1957 ناکرێت و کێشە بۆ کەرکووک دروست دەبێت.''
(جوان حەسەن) دهڵێ "ئێمە وەک لیستی برایەتی له ئەنجوومەن، بەھیچ شێوەیەک رازی نابین کارتی نیشتیمانی بۆ عەرەبە ھاوردەکان دروست بکرێت؛ بڕیاریش وایە لەسەر ئەو پرسە بەڕێوەبەری گشتیی ناسنامە و باری شارستانیی پارێزگای کەرکووک بانگھێشتی ئەنجوومەن بکرێت، تا لەسەر دروستکردنی کارتی نیشتیمانی بۆ ھاووڵاتیانی عەرەبی ھاوردە روونکردنەوە بدات و، ناوی تەئمیمیش بە یەکجاری لە سیستەمی باری شارستانیدا بسڕێتەوە و بكرێتهوه به کەرکووک.''
kdp-
