نوێنه‌رێكی كورد له‌ به‌غدا: له‌ خۆپێشاندانه‌كه‌ی به‌غدا دوو ئامانج ده‌خوێنمه‌وه‌

 	 نوێنه‌رێكی كورد له‌ به‌غدا: له‌ خۆپێشاندانه‌كه‌ی به‌غدا دوو ئامانج ده‌خوێنمه‌وه‌
پەرلەمانتارێکی کورد پێی وایە، خۆپیشاندانی ئەمڕۆی لایەنگرانی سەدر دوو ئامانجی ھەیە، تێکچوونی نێو ماڵی شیعە و ئەوی تریان پڕۆپاگندەی ھەڵبژاردن و باوه‌ڕیشی وایه‌، (عەبادی) و (سەدر) رێکكەوتنی نھێنییان ھەبێت دژی (نووری مالیکی) سەرۆکی كوتله‌ی دەوڵەتی یاسا.

ئەمڕۆ هەینی، بەهەزاران كەس لە لایەنگرانی سەربە رەوتی سەدر لە گۆرەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا كۆبوونەوە و ناڕەزاییان لەدژی گەندەڵی دەربڕی و داوای چاكسازییان كرد.

له‌ وتاریدا بۆ جه‌ماوه‌ری ناڕازی، سەركردەی رەوتی سەدر (موقتەدا سەدر) داوای لە لایەنگرانی كرد كە لە دوای تیرۆركردنیشی لە خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی گەندەڵی بەردەوامبن، ئه‌و دووپاتی كردەوە كە بەهۆی داواكانی بۆ پڕۆژەی چاكسازی نامەی هەڕەشەی كوشتنی بەدەست گەیشتووە.

(سەدر) به‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی گۆڕه‌پانی ته‌حریری ڕاگه‌یاند: "لە هەندێك خاڵی گرینگ ئاگادارتان دەكەمەوە كە لەسەری بەردەوام بن، یەكەمیان بەردەوامیدان بە شۆڕشی چاكسازی بێ‌ ماندبوون و سڵکردنەوە، تەنانەت ئەگەر كوژراشم، دووەم پارێزگاریكردن لە ئارامبوونی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەكان تاوەکو كۆتایی، رازی نابم خۆپیشاندانەكان بە ئاراستەیەكی دیكەدا ببردرێت".

له‌ باره‌ی خۆپێشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی لایه‌نگرانی (سه‌ردر)ه‌وه‌ (دکتۆر ئەشواق جاف) ئەندامی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، خۆپیشاندانی ئەمڕۆی لایەنگرانی (موقتەدا سەدر) بۆ دوو ھۆکار دەگێڕێتەوە، یەکێک لەو ئامانجانەی خۆپیشاندانی بۆ ساز درا لەلایەن لایەنگرانی (سەدر)ەوە به‌ واتای تێکچوونی نێوماڵی شیعە و کێشە نێوخۆییەکانی کوتلەکانی شیعەیه‌ لە عێراقدا، ھۆکاری دووەمیش به‌ پڕۆپاگندەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق وه‌سف ده‌كات و گوتی '''وادەکەی نزیکبووتەوە.''

(موقتەدا سەدر) له‌و وتاره‌كه‌یدا جارێكی دیكه‌ پرسی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هێنایه‌وه‌ به‌ر باس و گوتی ''مانەوەی ئەم کۆمیسیۆنە بەمشێوەیە، تاوانە و درێژەدانە بە تاوان، چونکە لە رێگەی ساختەکارییەوە هەوڵ دەدرێت ئەمجۆرە رووخسارانە لەسەر دەسەڵات بهێڵدرێنەوە، ئێمە فەرمان دەدەین ئەگەر ئەمانە گۆڕانکارییان تێدا نەکرێت، بەهێچ شێوەیەک بەشداریی هەڵبژاردنەکان نەکەن. دوابڕیاریش بۆ ئێوەیە، یان ئەوەتا سەردەکەون، یان گەندەڵەکان سەرکەوتوو دەبن کە ئێمە ئەوەمان ناوێت".

(جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "ئامانجەکانیان دیارە و (سەدر) داوای ھەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی کردووە، کەچی نوێنەری ئەوانیشی تێدایە؛ باشه‌ كه‌ ئەگەر گومان لە سەربەخۆییی کۆمسیۆن ھەیە، بۆچی رەوتی سەدر نوێنەری ناردووە بۆ کۆمسیۆن تێیدا ئەندام بێت؟.''

نوێنه‌ره‌كه‌ی پارتی له‌ به‌غدا گوتی "ئەو خۆپیشاندانانە كه‌ بە ناوی چاکسازی لە حکوومەتدا دەکرێن، گومانیان دروست کردووە و ئاشکرایە بۆ چ مەبەستێکە، پێشتر چاکسازی راگەیێندرا و ھیچی لێ سەوز نەبوو، کوا چاکسازی لە عێراق؟، کۆمەڵێک وەزیر گۆڕدران ھەر حزبەکان کاندیدیان رەوانەی پەرلەمان کردنه‌وه‌ بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکانیان، خۆی ئەوەی بە ناوی چاکسازییه‌وه‌ لەلایەن (موقتەدا سەدر)ەوە روو دەدات، روون نییە و ھێشتا گومانی لەسەرە، ڕه‌نگبێ تەنیا بۆ شکاندنی شکۆی پەرلەمان و پڕۆپاگندەی ھەڵبژاردن خۆپیشاندان دەکرێن.''

(دکتۆر ئەشواق جاف) بۆچوونی خۆی له‌ ئه‌گه‌ری رێکكەوتنێكی نھێنی لەنێوان (حەیدەر عەبادی)ی سەرۆکوەزیرانی عێراق و (موقتەدا سەدر) سەرۆکی رەوتی سەدر ناشارده‌وه‌ و گوتی ''ڕه‌نگه‌ ڕێككه‌وتنێك دژی هه‌وڵه‌كانی (نووری مالیکی) هه‌بێت له‌وه‌ی بۆ جارێكی دیكه‌ ببێته‌وه‌ به‌ سەرۆکوەزیرانی عێراق.''
ئه‌و وه‌بیر دێنێته‌وه‌ كه‌ ھیچ کات نێوماڵی شیعە یەکگرتوو نەبووە، هه‌ڵبه‌ت لێره‌وله‌وێ كه‌ ھەڵوێستێکی ھاوبەشیشیان ھەیە لەسەر ھەندێ پرس، ئەوا کاریگەریی وڵاتی ئێرانە بەسەر شیعەوە، ئەگەرنا شیعە ھیچ کات یەک نەبوونە.
kdp-
Top