لە کەلار بەهۆی هەستانی لافاوەوە ئاو چووەتە ژمارەیەك ماڵەوە
شەهاب حاجی ئەحمەد، قایمقامی قەزای كەلار، ڕایگەیاند "بەهۆی باران بارینی زۆر و درووستبوونی لافاو لە سنوورەكەدا ئاو و چووەتە ژمارەیەك ماڵ لەو گەڕەكانەی بە شێوەیەكی زیادەڕۆیی دروست كراون، بەڵام لەلایەن تیمەكانی خزمەتگوزاری شارەوانی كەلار و ژووری عەمەلیاتەوە كێشەكانیان چارەسەر كراوە و تا ئێستا هیچ زیانێكی گیانی و مادی بەهۆی لافاوەوە ڕووی نەداوە".
گوتیشی "دوێنێ 23/3/2017 پاش ڕاگەیاندنی مەترسیی درووستبوونی لافاو لە سنوورەكە ژوورێكی عەمەلیاتمان پێكهێنا كە لە 5 تیمی گەڕۆك و 4 تیمی جێگیر پێكهاتبوون بۆ بە هاناوەچوونی هاووڵاتیان لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراودا".
لەلایەكی ترەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات "لە شارەدێی ڕزگاری ئاستی ئاو لە ژمارەیەك گەڕەك بەرز بووەتەوە و ئاو چووەتە چەند ماڵێكەوە، بەڵام هیچ زیانێكی بەدواوە نەبووە".
پۆلیسی گەرمیان داوا لە هاووڵاتیانیش دەكات "لەكاتی بوونی لافاو لە هەر گەڕەكێكدا پەیوەندی بكەن بە ژمارە 104 ی پۆلیسی فریاكەوتنەوە".
باسنیوز
