وهزارهتی خوێندنی باڵا داوا لە لایەنە سیاسیەکان دهكات، ههموو کایەکانى ژیان بەساسەت نەکەن
له ڕونکردنەوەیەکدا لە وەزارەتى خوێندنى باڵا سەبارەت بە گۆڕینى سستمى وەرگرتن لە کۆلێژەکانى "پزیشکى، ئەندازیارى، زانست" رایگهیاند، ئەژمارکردنى نمرەى وانەکانی زمانی کوردى و عەرەبى بەشێوەى ئارەزومەندانە بەشێکە لەو زنجیرە بڕیارانەى کە بۆ باشکردنى دۆخى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان و بەتایبەت لە کۆلێژەکانى "پزیشکى، ئەندازیارى، زانست" دراوە.
وتیشی، ئەم بڕیارە تەواو بڕیارێکى زانستى و ئەکادیمیە و، لەلایەن بەرزترین دەسەڵاتى زانستى یاسایى کە ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا-یە دراوە.
بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى له راگهیهنراوێكدا كه وێنهیهكی بۆ ئاژانسی ههواڵی زاگرۆس نێردراوه، دهڵێت، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ساڵى پارەوه هەنگاو بەهەنگاو دەستیکردوە بەگۆڕانکارى لە سیستمى ناوەندى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەک شێوازى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى و بڕیارى ئەژمارکردنى تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکان، چونکە ئەو شێواز و سستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ حەزو ئارەزوى خوێندکاران یەکى ناگرێتەوە و، هەروەک یەکێک لە ئاستەنگەکانى بەردەم پێشکەوتنى ئاستى زانستى زانکۆکان وەرگرتنى خوێندکاران بوو بەو سستمە کۆنەى کە لە کوردستان و عێراق پەیڕەو دەکرێت.
بۆیە بەئامانجى پێشخستنى ئاستى زانستى زانکۆکان و ڕەچاوکردنى حەزو ئارەزوى خوێندکاران، لە چوارچێوەى پلانى ستراتیژى خۆیدا، وەزارەتەکەمان دەستى بەکۆمەڵێک گۆڕانکارى لە ناوەندى وەرگرتن کرد، هەربۆیە بڕیارى"ئەژمارکردنى نمرەى وانەکانی زمانی کوردى و عەرەبى بەشێوەى ئارەزومەندانە" بەشێکە لەو زنجیرە بڕیارانەى کە بۆ باشکردنى دۆخى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان و بەتایبەت لە کۆلێژەکانى (پزیشکى، ئەندازیارى، زانست) دراوە.
بڕیارەکەش کە لە دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت دراوە، بڕیارى سەرجەم ئەندامانى ئەنجومەنە، کە لە ڕاوێژکاران و سەرۆکى سەرجەم زانکۆکان لە خۆدەگرێ و، هیچ پەیوەندى بەسیاسەتەوە نییە.
بۆیە وەزارەتەکەمان، جەخت لە ڕونکردنەوەکەى پێشترى دەکاتەوە و، ئەم بڕیارە تەواو بڕیارێکى زانستى و ئەکادیمیە و، لەلایەن بەرزترین دەسەڵاتى زانستى یاسایى کە ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا-یە دراوە و، پەیوەندى بەهیچ لایەنێکى سیاسیەوە نییە، بۆیە ناکرێ ئەم بڕیارە بەسیاسى بکرێ و تێکەڵ بەململانێ سیاسیەکان بکرێ و، شیکردنەوەى سیاسى بۆ بکرێ، هەروەک دەبێ لایەنە سیاسیەکان لەوە گەورەتر بیر بکەنەوە و، خۆیان تێکەڵ بەلایەنى زانستى و ئەکادیمى نەکەن، چونکە ئەو بڕیانەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەیاندات دواى دیراسەتکردنێکى زۆر و هەڵسەنگاندنێکى وردى ئەکادیمى ئینجا پەسندیان دەدات، لە سەرجەم بڕیارەکانیشدا ڕەچاوى پێگەیاندنى نەوەیەکى باشتر و کاراتر بۆ داهاتوى کۆمەڵگەکەمان دەکرێ و کراوە.
بۆیە لێرەدا، جارێکى دیکە جەخت لەسەر ڕونکردنەوەکەى پێشترمان دەکەینەوە و، ئەنجومەنى وەزارەت بەهیچ شێوەیەک دژى زمانى کوردى نییە، بەڵکو لە ڕێگەى چەندین پڕۆژەى جیاوە بەردەوامە لە پێناو خزمەتکردن بەزمان و ئەدەبى کوردى و ئەو کارەشى بەیەکێک لە کارە سەرەکیەکانى خۆى زانیوەو دەزانێت.
لە کۆتایدا داوا لە لایەنە سیاسیەکان دەکەین، دەرفەتى کارکردن بۆ لایەنى ئەکادیمى و زانستى بهێڵنەوەو هەمو کایەکانى ژیان بەساسەت نەکەن، چونکە ئەنجومەنى وەزارەت سەرجەم بیروڕا سیاسیە جیاوازەکانى لەخۆگرتوە، بەڵام هەموان لەسەر بڕیارە زانستى و ئەکادیمیەکان کۆکن، چونکە هەموان خاوەن پاشخانێکى ئەکادیمى دەوڵەمەندن و نوێنەرایەتى ناوەندێکى ئەکادیمى گرنگ لە کوردستان دەکەن، بۆیە جارێکى دیکە داوا لەلایەنە سیاسیەکان دەکەین، ئەم بڕیارەى ئەنجومەنى وەزارەت بەسیاسى نەکەن، بەڵکو وەک بڕیارێکى ئەکادیمى و زانستى لێی بڕوانن
payamner-
