پەکەکە به‌ ئاشكرا كچ و كوڕانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌خه‌ڵه‌تێنێ و بۆ قەندیل ده‌یانبات

 	 پەکەکە به‌ ئاشكرا كچ و كوڕانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌خه‌ڵه‌تێنێ و بۆ قەندیل ده‌یانبات
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، پەکەکە لە شاری هەڵەبجە نووسینگه‌ی رێکخستنی کردووەتەوە و گەنجان رێک دەخەن بۆ قەندیل و، لەوێیشەوە بۆ شنگال، بەرپرسێکی پارتییش له‌ ناوچه‌كه‌ دەڵێت "کچیشیان هەڵخەڵەتاندووە و بردوویانە بۆ قەندیل.''

هاووڵاتییەکی شاری هەڵەبجە کە نه‌یویست ناوی ببرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی گوتی، ماوەی ساڵ و نیوێکە کوڕەکەی لەلایەن گرووپێکی پەکەکەوە بردراوە بۆ قەندیل لەوێیشەوە بۆ شنگال، ئه‌و ده‌ڵێ ''کوڕەکەم پێشمەرگەیە و ئەو گرووپە پێیانگوتووە دەچن بۆ سەیران بۆ ناوچەی (بەمۆ)، دوای سێ ڕۆژ لە چوونی بۆ ئەو ناوچەیە دواتر دیار نەماوە و ئاگادار کراوەتەوە لەلایەن رێکخستنی پەکەکە لە هەڵەبجە کە ئەو لەژێر مەشقدایە، منیش دەیانجار چووم پاڕاومەتەوە کە کوڕەکەم بەربدەن، بەڵام گوتیان قسەکردنت بێ فایدەیە".

ئه‌و باوكه‌ كوڕ ڕفێندراوه‌ نایشارێته‌وه‌، كه‌ سه‌رباری ڕفاندنی كوڕه‌كه‌ی و به‌ ده‌مه‌وه‌نه‌چوونی له‌ ئازادكردنی، ئێستا ئه‌و گرووپه‌ی پەکەکە وازی لێ ناهێنن و ڕۆژانە سەردانی ماڵه‌كه‌ی دەکەن و پێی دەڵێن، دەبێت ئێوه‌ش ببن بە پەکەکە.

(فارووق عەبدولکەریم) کارگێڕی لقی 12ی پارتییه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاشكرای كرد كه‌ پەکەکە دووکانێکیان گرتووە و لەوێدا کاری رێکخستن دەكەن؛ خەڵک رێک دەخەن تا بیانبه‌ن بۆ قەندیل، گوتیشی ''تائێستا نزیکەی 15 گەنجیان هەڵخەڵەتاندووە بۆ قەندیل، لە سەیدسادق و هەڵەبجە کچیشیان بردووە بۆ قەندیل.''

(فارووق عەبدولکەریم) جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ پەکەکە بە ئاشکرا کاری رێکخستن لە هەڵەبجە دەکات و، ئەو خەڵکانەی کاریان بۆ دەکەن ناسراون و بە ئاشکرا پەیوەندی بە گەنجانەوە دەکەن تا بیانبه‌ن بۆ قەندیل و، گوتی ''خەڵکێکی زۆر ڕۆژانە پەیوەندیمان پێوە دەکەن بۆ ئەوەی چارەنووسی کوڕەکانیان بزانن، ده‌یانه‌وێ هاوكاریان بین له‌ سۆراخی كوڕه‌كانیان و داوایان بۆ له‌ په‌كه‌كه‌ بكه‌ین، كه‌چی پەکەکە گوێ بە کەس نادات.''
kdp-
Top