جەدعان عەلی: پەکەکە دەیەوێ خانەسۆر بکاتە لینکی نێوان بەغدا و دیمەشق
بەگوێرەی زانیاریی چاودێرانی سیاسی، پەکەکە خۆی لە خانەسۆر ناوە تاوەکوو لەو رێگەوە لینکێکی هاوکاری سەربازی بکەنەوە کە بەغدا هاوکاریان دەکات بە چەکوتەقەمەنی و خۆراک و لەو رێگەیەشەوە ئەو هاوکارییە بگەیەننە چەکدارانیان لە رۆژئاوای کوردستاندا، وێڕای ئەوەی کە لینکێکی بەهێزیان لەگەڵ رژێمی سووریادا هەیە، کە مەبەستیان هاوکاری وەرگرتنە لە بەغدا و دیمەشق و لە بەرانبەریشدا نانەوەی پشێوی بۆ خەڵک لە دەڤەری شنگالدا و دواجاریش نانەوەی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان.
پێوەست بەم پرسە، (جەدعان عەلی) ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، پەکەکە لەڕێگەی خانەسۆرەوە دەیەوێ هاوکاری بەغدا لە چەکوتەقەمەنی و خۆراک بگوازێتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و خانەسۆر بکا بە لینکی پێوەندیی نێوانیان لە هاوکارییەکانی بەغدا و دیمەشقدا.
ئاماژەیشی دا، پەکەکە وەک کۆمپانیایەک وایە کە رژێمی سووریا بەڕێوەی دەبات لە رۆژئاوای کوردستاندا و ئێستایش کە بەغدا هاوکاری دەکات مەبەست تەنیا بۆئەوەیە کە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان بنێنەوە، هەروەک بینرا کە لە رۆژئاوای کوردستاندا خەڵکی رفاند و ئەندامانی ئەنەکەسەی دەستگیر و شەهید کردوون، هەروەها رۆژئاوای کوردستانی کردووە بە شوێنێک بۆ هەواڵگری رژێم و دەیەوێ کوردایەتیی لە رۆژئاوای کوردستاندا نەهێڵێ.
kdp-
