سه‌رۆكى كوردستان پێشوازی له‌ باڵوێز و نوێنه‌رى چه‌ند وڵاتێكى جیاواز كرد

سه‌رۆكى كوردستان پێشوازی له‌ باڵوێز و نوێنه‌رى چه‌ند وڵاتێكى جیاواز كرد
ڕۆژى چوار شه‌ممه‌ 22.3.2017 سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ باڵوێز ونوێنه‌رى چه‌ند وڵاتێكى جیاجیا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ پیرۆزباى جه‌ژنى نه‌ورۆزیان له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و گه‌لى كورد كرد.


ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ 22.3.2017 له‌ هوتێل خانزاد، بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى نه‌ورۆز و سه‌رى ساڵى كوردییه‌وه‌ میواندارى له‌ ژماره‌یه‌ك باڵوێز و نوێنه‌رى وڵاتان و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد.


فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ى پیوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا وتارێكى پێشكه‌ش كرد، تێیدا سه‌ره‌ڕاى سوپاس و به‌خێرهاتنى میوانه‌كان باسی له‌ بایه‌خى جه‌ژنى نه‌ته‌وه‌ى نه‌ورۆز له‌ ژیان و مێژووى گه‌لى كورد دا كرد، هه‌روه‌ها تیشكى خسته‌سه‌ر مافى گه‌لى كوردستان بۆ دیاریكردنى چاره‌نوسى خۆی، گوتیشى "سوپاسی وڵاتانى دۆست و هاوپه‌یمانانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین، كه‌ له‌شه‌ڕی تیرۆرستانى داعشدا هاوكارى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌، هاوكات پاڵپشتى گه‌لی كوردستان بوون".


له‌ میانه‌ى مه‌راسیمه‌كه‌دا، باڵوێزى وڵاتى به‌حرێن، له‌ جیاتى باڵوێز و نوێنه‌رى وڵاتان و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، وتارێكى پێشكه‌ش كرد، تێیدا پیرۆزبای جه‌ژنى نه‌ورۆزى له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و گه‌لى كوردستان كرد، پێزانینی خۆیان بۆ خێزانى شه‌هیدانى كوردستان ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها ستایشى سه‌رۆك بارزانى كرد، له‌ دابینكردنى ئارامى و بوژاندنه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان، هیواى پیشكه‌وتنى زیاترى بۆ گه‌لى كوردستان خواست.


باڵوێز و نوێنه‌رى وڵاتان، وێڕای سوپاس كردنى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، جه‌ختیان له‌ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیه‌كانیان، له‌ بواره‌ جۆراو جۆره‌كان دا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.



باسنیوز
Top