له کاتی کارکردن لەسەر بینایەک شوێنەوارێکی سێ هەزار ساڵی له ھەولێر دۆزرایەوە
لە نزیک قەڵای ھەولێر مەزارگەیەکی ئاشوورییەکان دەدۆزرێتەوە کە مێژووەکەی لەنێوان سێ ھەزار بۆ سێ ھەزار و پێنج سەد ساڵ دەبێت ".
مەزارگەکە دوو مەتر بەرزییەکەیەتی و سێ مەتریش درێژییەکەیەتی، سێ تاقی بچووکیش لەخۆ دەگرێت.
لەناو بازاڕی ھەولێر و بەدیاریکراوی لە گەڕەکی عەرەبانی شارەکە مەزارگەیەکی ئاشوورییەکان دۆزرایەوە کە سەردەکەمەی بۆ قۆناغی ئاشووریی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە و تەمەنی لەنێوان سێ ھەزار بۆ سێ ھەزار و ٥٠٠ ساڵ دەبێت.
ھەفتەیەک لەمەوبەر لە گەڕەکی عارەبانی نزیک لە بازاڕی گەورەی شاری ھەولێر ھاووڵاتییەک بۆ دروستکردنی باڵەخانەیەک کاری بناغە لێدان دەکات دەردەکەوێت شوێنێکی شوێنەواری لەناو ئەو رووبەرەیە کە بڕیارە باڵەخانەکەی لەسەر دروست بکات، ئەویش لەلای خۆیەوە پەیوەندیی بەپۆلیس و ئەمانیش بەشوێنەوارەوە دەکەن کە دواتر دوای کنە و پشکنینی تیمی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ھەولێر دەردەکەوێت ئەم شوێنە یەکێکە لە شوێنە ھەرە گرنگ و پڕ بایەخەکان لە رووی شوێنەوارییەوە بۆ کوردستان و عێراق و جیھانیش.
ئەوەی دۆزراوەتەوە لێرە کە تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو لە نزیکەوە چاودێریی کاری تیمەکەی شوێنەواری کرد بریتییە لە مەزارگەیەکی ئاشوورییەکان کە تا ئێستا سێ گۆڕی تێدا دۆزراوەتەوە و ئێسک و پرووسکی نزیکەی ١٠ کەسیش لەم مەزارگەیە دۆزراونەتەوە، لەپاڵ زیاتر لە ٤٢ گۆزە و ھەروەھا گوارە و ئەڵقە و شتی دیکەش.
مەزارگەکە درێژییەکەی نزیکەی سێ مەتر دەبێت، بەرزییەکەشی دوو مەتر دەبێت، سێ تاق لەخۆ دەگرێت، کەرپووچ لە بونیادنانی بەکارھێنراوە، مەزارگەگە دوو کیلۆمەتر لە قەڵای ھەولێرەوە دوورە کە بە یەکێک لە شوێنەوارەکانی جیھان دەناسرێت و مێژووەکەی بۆ ھەزارەی یەکەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە و یەکێکە لە شوێنەوارە کەلەپوورییەکانی جیھان.
ئەمڕۆ کە یەکەمین رۆژی سەری ساڵی نوێی کوردییە"٢٧١٧"کە بەڕۆژی نەورۆز دەناسرێت و لە دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێم رۆژی پشوو و کارنەکردنە، بەڵام تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ھەولێر سەرقاڵی کارەکانی کنە و پشکنین بوون بۆ ئەو مەزارگە ئاشوورییە و ئەوان لەگەڵ ئەوەی زۆر ماندووبوونییان پێوەدیاربوو، بەڵام پێدەچوو زۆر بەلایانەوە جێی بایەخ بێت ئەم شوێنە مێژووییە دەپشکنن و لەگەڵ دەست و پەنجەی ئەماندا رەنگە زۆر شت بگۆڕێت.
بەرپرسی پشکنینی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ھەولێر، گۆران محەمەد محەمەد کە لە شوێنی مەزارگەکە لەگەڵ ھاوڕێکانیدا سەرقاڵی پشکنینی شوێنەکە بوون بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، دوای ئەوەی ھاووڵاتییەک کە سەرقاڵی دروستکردنی باڵەخانەیە لەسەر ئەم زەوییە شوێنێکی شوێنەواری دەدۆزێتەوە و دواتر پەیوەندیی بە پۆلیسەوە دەکات و ئەوانیش شوێنەواری ھەولێرییان ئاگادارکردەوە و ئەمانیش دەستبەجی تیمی خۆیان ناردووەتە ئەم شوێنە بۆ ئەوەی کاری کنە و پشکنینی بۆ بکەن.
گۆران محەمەد محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەسەر شوێنی مەزارگەکەوە گوتی: "ئەوەی لەم شوێنە دۆزراوەتەوە و بەدەرکەوتووە مەزارگەیەکی ئاشوورییەکانە، ئێمە دەزانیین قۆناغەکانی ئاشوورییەکان سێ قۆناغە، ئەم مەزارگەیە بەپێی بەراوردکردن و توێژینەوەیەکی خێرایی ئێمە بۆ شوێنەکە دەردەکەوێت بۆ سەردەمی ئاشووریی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە، لە ماوەی ئەم پێنج رۆژەی کارکردنی ئێمە لەم مەزارگەیە ٤٢ گۆزەمان دەرھێناوە، لەگەڵ نۆ گۆڕ بە کەلـلە سەر و ئێسک و پرووسکەکانییانەوە، ھەروەھا سێ تابووتمان دۆزیوەتەوە کە ھی ئەو سەردەمەن، لەپاڵ دەستەوانە و گوارەیەک و ئەڵقەیەک و مۆر کە مێژووییان بۆ نزیکەی سێ ھەزار تا سێ ھەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر".
ئەو ھەروەھا رایگەیاند کە پێشتر لە ھەریەک لە گەڕەکی عەرەبان و کلک مشک ھەمان شت و دیزاینییان دۆزیویەتەوە کە شێوازی مەزارگەکان دەرگاکانییان نزم بووە وەکو رێزگرتنێک بۆ ئەو مردووانە.
ئەوەشی گوت کە ئەوەی لەم مەزارگەیە دۆزراوەتەوە پێشبینی دەکەن گۆڕی کەسانی باڵا و کاربەدەست بوون، بەڵام ناگەنە ئاستی پاشاکان.
سەبارەت بەچارەنووسی شوێنەکەش بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پاش ئەوەی شتەکانمان پاراست و لە لەناوچوون بەدوورمان گرت، دەمانەوێت دەرگای بۆ بکەین و وەکو شوێنێکی شوێنەواری دەمێنێتەوە و بۆ ھەر توێژینەوە یان سەردانی تیمەکان کراوە دەبێت".
لە نێو چەندین نایلۆنی تایبەت و بەشێوازی زانستی ئەو کەسانەی لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ھەولێربوون لەم مەزارگەیە سەرقاڵی ھەڵگرتنی ئەو شتە دۆزراوانە بوون و سووربوون لەسەر پاراستنی کە بەمێژووی وڵات و میللەتانی ناوچەکە دادەنرێت بەتایبەت ئاشوورییەکان کە ماوەیەکی زۆر حوکمڕانی ئەم ناوچەیە بوون.
دەست و پەنجەی ئەمان لەکاتی کنە و پشکنین ھێندە نەرم بوو دەبوو لەگەڵ ھەر ھەنگاوێک تەواو ئاگاداری دەورووبەری خۆیان بن و زۆر بەھێواشی کارەکانییان بکەن بۆ ئەوەی ئەو پارچانەی دەیاندۆزنەوە بەکەمترین زیان دەریان بھێنن و لە شکان یان زیان پێگەیشتن بیانپارێزن.
شوێنەوار بەیەکێک لە بەڵگە مێژوییەکان بۆ گەلان و وڵاتان دادەنرێت و لە رووی جیھانییەوە بایەخی گەورەی ھەیە، بەدووریی چەند دە کیلۆمەترێک لە شاری ھەولێر" ئەو شوێنەی مەزارگەکەی لێ دۆزراوەتەوە" ساڵێک لەمەوبەر چەکدارانی داعش سەرقاڵی شکاندنی پارچە شوێنەوارییەکانی مووسڵ بوون، ئەوەش جیھانی تەواو شۆک کرد و بەگەورەترین گورزی دژ بەشوێنەوارەکان لەسەردەمی نوێدا دادەنرێت، بەڵام لەھەولێر پاراستنی ئەم شوێنەوارە جێی بایەخ دەبێت و تیمەکانیش سەرقاڵی دۆزینەوەی شتگەلی پترن.
payamner-
