سەرۆكی هەرێم: خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستان به‌رهه‌می ده‌بێت

سەرۆكی هەرێم: خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستان به‌رهه‌می ده‌بێت

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌په‌یامێكدا پیرۆزبایی له‌ كورد ده‌كات و لەم بۆنەیەدا داوای لە خەڵكی سەربەرزی كوردستان كرد ئومێدیان بەهێز بێت چونكە بە دڵنیاییەوە خۆڕاگرییەكەیان بەرهەمی دەبێت.

ئه‌وه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان



بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردییەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و هەموو كوردانى ناوەوە و دەرەوەی وڵات و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان دەكەم. هیوای ساڵێكی خۆش و پڕ لە بەرەكەت و بەختەوەری بۆ هەموو لایەك دەخوازم.



مانگى ئازار مانگى سەركەوتن و خۆشی و ئێش و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان بووە. لەگەڵئەوەیشدا ئازار و نەورۆز بۆ گەلەكەمان هێمای تێكشكاندنی زوڵم و دەركەوتنی ڕووناكی و ژیانەوە دەدات و ئەوەیش بەو مانایە دێت كە قوربانیدان و خەبات ئەنجام و بەرهەمی دەبێت.



خۆڕاگری و قوربانیدانی بێ هەژماری گەلی كوردستان لە قۆناغە سەختەكانی خەباتدا هەر لە بەرگریكردن لە مان و ناسنامەییەوە بگرە هەتا تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش دەبێ ئەنجامی هەبێت و پێویستە ئەو خەبات و دەستكەوتانە یەك هەنگاویش بەرەو پاشەوە نەڕوات و دەبێ گەلی كوردستان بگاتە سەروەریی خۆی و خاوەن بڕیار و چارەنووس و ژیانی خۆی بێت. هەر ئەوەیشە باشترین وەڵام و باڵاترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەل.



ئەو قوربانییەی گەلی كوردستان داویەتی و ئەو فەرهەنگە بەرزەی لە پێكەوەژیان و لێبوردەییدا هەیەتی و ئەو قارەمانێتییەی پێشمەرگە تۆماری كردووە، لەچاوی جیهانیاندا شاراوە نییە و ئێستا جیهان شانازی بە گەلی كوردستان و پێشمەرگە دەكات.



لەم بۆنەیەدا داوا لە خەڵكی سەربەرزی كوردستان دەكەم ئومێدیان بەهێز بێت چونكە بە دڵنیاییەوە خۆڕاگرییەكەیان بەرهەمی دەبێت. داوا دەكەم لە بەرانبەر هەر هەوڵ و دەنگێكدا خۆڕاگر بن كە بیەوێ بڕوابەخۆبوونیان لێ بستێنێتەوە و پاشكۆیی بچەسپێنێت. نەورۆز لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان پیرۆز دەكەم
payamner-
Top