هەڵگورد حیکمەت: دروستکردنی هەر هێزێکی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە هەرێمدا ڕەت دەکەینەوە
حەشدی شەعبی دەیەوێت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و هەندێک شاری هەرێمی کوردستانیشدا بە یارمەتیی هەندێک لایەنی سیاسیی کورد، گەنجانی کورد بۆ نێو ڕیزەکانی خۆی ناونووس بکات، بۆ ئەو مەبەستەش چاودێرانی سیاسی و بەرپرسانی حزبی هۆشداری دەدەن، کە ئەمە مۆدێڵێکی دیکەی جاشایەتییە و بەغدا دەیەوێت لە هەرێمی کوردستاندا تاقی بکاتەوە. سەبارەت بەم پرسە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، عەمید (ھەڵگورد حیکمەت)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزی پێشمەرگە تاکە مەرجەعی سەربازییە لە ھەرێمی کوردستان و، بە شێوەیەکی یاسایی و لەلایەن پەرلەمانەوە بووەتە یاسا و، ئەمەش پاڵپشتییە بۆ ھێزی پێشمەرگە، بۆیە دروستکردنی ھەرھێزێکی دیکە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، کارێکی نایاسایییە و پێویستە حکوومەتی ھەرێم لەبارەیەوە ھەڵوێستی ھەبێت.''
عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) دەڵێ: ''ئێمە، وەک وەزارەتی پێشمەرگە، بە ھەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەینەوە و، پێمان وایە ئەمە یەکێکە لەو ھەوڵانەی بۆ دروستکردنی کێشە و گرفت بۆ ھەرێمی کوردستان لە ئێستا و داهاتوودا دەدرێت، بۆیە پێویستە ڕێگرییان لێ بکرێت و ڕێ بەدروستکردنیان نەدرێت.''
عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) دەشڵێت: ''دەبێ ڕێگری لە دروستبوونی هەرهێزیکی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، بە هەربیانوێک، لە هەرێمی کوردستاندا بکرێت، چونکە تاکە هێزی یاساییی هەرێمی کوردستان هێزی پێشمەرگەیە و دەبێ هەر هێزی پێشمەرگەش بێت.''
kdp-
