بۆ جەژنی نەورۆز ژمارەی کامێراکانی ھاتوچۆ زیاتر ناکرێن
ئەمڕۆ دووشەممە 20/3/2017، فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕای گەیاند: "بۆ جەژنی نەورۆز ژمارەی کامێراکانی ھاتوچۆ لەسەر شەقامەکان زیاد ناکرێن، ھەر ھەمان ئەو کامێرانە دەبن، کە پێشتر لە ناو شار و دەرەوەی شار ھەبوون، ھەروەھا ڕێگری لە چوونی ھەموو ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگر بۆ سەیرانگاکان دەکرێت".
گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێر لەسەر ڕاگەیاندراوەکەی پێشووتری بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر کە بڵاو کرابووەوە، ئاماژەی بەوە کرد: "لەمەوپاش ھەر ئۆتۆمبێلێک ھەڵبوەشێنرێتەوە، دەتوانێت سوود لە تابلۆکەی وەربگرێت، ئەوەش بەپێی پستۆنەکەی و جۆری ئۆتۆمبێلەکە، بەڵام ھاووڵاتییان وا تێگەیشتبوون، کاتێک ئۆتۆمبێلیکی تازە تۆمار دەکەن، دەبێت لە بەرامبەردا ئۆتۆمبێلیک ھەڵوەشێننەوە، ئەوەش وای کرد نرخی ئۆتۆمبێلە کۆنەکان گران ببێت، بۆیە ئێمە ھاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە بریاری وا دەرنەچووە، چونکە بڕیارێکی لەو جۆرە سوودی بۆ ھاووڵاتییان و بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھەیە نییە".
باسنيوز
