بێریوان خەیلانی: ناونووسکردنی گەنجانی کورد بۆ نێو حەشدی شەعبی پیلانێکی دیکەی بەرنامەبۆداڕێژراوە

 	 بێریوان خەیلانی: ناونووسکردنی گەنجانی کورد بۆ نێو حەشدی شەعبی پیلانێکی دیکەی بەرنامەبۆداڕێژراوە
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ناونووسكردنی گەنجانی كورد بۆ ڕیزەكانی حەشدی شەعبی مەترسیدارترین پیلانە، لەلایەن دوژمنانی كوردەوە داڕێژراوە و هیچی لە مەترسییەكانی داعش كەمتر نییە.

چاودێرانی سیاسی، زانیاریی ئەوەیان خستووەتەڕوو، کە حەشدی شەعبی دەیەوێت لەڕێی ناونووسکردنی خەڵکی کوردستانەوە بشێوی بنێتەوە و مەترسی بخاتە بەردەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە لەو ڕێیەوە دەیانەوێت خەڵکێک لە باوەڕبوون بە هەرێمی کوردستان و کوردایەتی و ئینتمای نیشتمانی هەڵگەڕێننەوە، ئەمەش پیلانێکی دیکەیە، کە دژی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. (د. بێریوان خەیلانی) بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''دوژمنانی كورد، خۆیان عێراقیان كاول كرد و، چاویان بڕیوەتە ئارامیی هەرێمی كوردستان. ناونووسكردنی گەنجانی كورد بۆ ڕیزەكانی حەشدی شەعبی مەترسیدارترین پیلانە، لەلایەن دوژمنانی كوردەوە داڕێژراوە و هیچی لە مەترسییەكانی داعش كەمتر نییە. چونكە لەم پیلانە نوێیەی دوژمناندا سەربەخۆییی كوردستان و تاكی كورد بە ئامانج گیراوە. دوژمنانی كورد لەڕێی دەست و پێوەندەكانیانەوە دەستیان داوەتە ئەم پرۆسە مەترسیدارە و هەوڵی پەلكێشكردنی گەنجانی كورد بۆ نێو ڕیزەكانی حەشدی شەعبی دەدەن.''

(د. بێریوان خەیلانی) جەختی كردەوە: ''دەبێ سەركردایەتیی سیاسیی كورد هەرچی زووە بكەوێتە خۆ و ناكۆكییەكانیان وەلا بنێن و یەك بگرن، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم پیلانە مەترسیدارەی دورژمنان ببنەوە، چونكە ئەم بابەتە تەشەنە بكات، بەئاسانی چارە ناكرێت و زۆر مەترسیدارە. دوژمنانی گەلی كورد قەیرانی داراییان قۆستووەتەوە و دەیانەوێت بە پارە و مووچەی چەور خەڵك بۆ جاشایەتی پەلكێش بكەن. پێشتر ئەم پیلانە بەسەر سووننەكاندا جێبەجێ كراوە و بەشێكی زۆریان چاوبەست كردوون و لە ڕیزەكانی حەشدی شەعبیدا دایانمەزراندوون و ئێستا لەدژی سوننە بەكاریان دێنن.''

ئەو ئەندامە كوردەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونیشی كردەوە: ''چەند لایەنێكی كورد پشتگیریی پیلانەكانی (مالیكی) دەكەن، (مالیكی)ش پیلانی داڕشتووە، کە برەو بە هیزی حەشدی شەعبی بدات و لە هێزی سەربازیی عێراق بەهێزتری بكات. خۆ (مالیكی) بەو هێزە شڕەی جارانی ئەوەندە هەڕەشەی لە هەرێم دەكرد، ئەگەر لەدەستی بێت هەموو شتێك لەدژی هەرێم دەكات. بۆیە لە هەموویشی مەترسیدارتر ئەوەیە، کە تاكی كورد لە دژی كورد بەكار بهێنێت.''
pdk -
Top