ئامادەكاری بۆ كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی مین دەكرێت لەهەڵەبجە
پێنجشهممەی رابردوو لە یادی 29ساڵهی كیمیابارانكردنی ههڵهبجهدا ئەنجومەنی وەزیران هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی تایبەت بە هەڵەبجە پەسەندكرد، یەكێك لەبڕیارەكان ڕاسپاردنی وەزیرەكانی حكومەتی هەرێمە بۆ دراسەكردنی كردنەوەی بەڕێوەبەرایتییە گشتییەكان كە تا ئێستا دەستبەكارنەبوون.
محەمەد ئەحمەد سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین رایگەیاند، دەزگای گشتی كاروباری مین لە ئامادەكاری تەواودایە بۆ كردنەوەی بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین لە پارێزگای هەڵەبجەو لەئێستاشدا ئامادەكاری بۆ دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی یاسای ژمارە(10)ساڵی 2007 پەرلەمانی كوردستان یاسای گشتی كاروباری مین لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین دەكرێتەوە بۆ ڕاپەڕاندنی ئیش وكارەكانی لەو پارێزگایە.
سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین وتیشی "هەڵەبجە بووەتە پارێزگاو ئێستا یەكێكە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، لە ئێستادا چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی وەڵامی نوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانین، بۆ كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی مین".
"لە قۆناغی ئێستاش دا لەهەوڵی ئەوداین كە بتوانین هەنگاوەكانی دروست كردنی بەرێوەبەرایەتیەك دەستپێبكەین، سەرقاڵی پرس و ڕاوێژین لەگەڵ لایەنە پەیوەندی دارەكان بۆ زەمینەسازی كردن بەتایەت لەگەڵ پاریزگاری هەڵەبجەو لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی گشتی مین-سلێمانی"، سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین وایوت.
لەكۆبوونەوەی ژمارە 24ی پێنجشەممەی رابردوی ئەنجومەنی وەزیراندا، بڕیاردرا بەجیاكردنەوەی دارایی پارێزگای هەڵەبجە لە دارایی پارێزگای سلێمانی، بەپێی ماددەی (8) لە یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، پارێزگاكە خاوەنی بودجە و سەربەخۆیی دارایی خۆی دەبێت هاوشێوەی پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان، یاساكەش ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێكردنی ئەم خاڵە.
سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین رونیشكردەوە، پارێزگای هەڵەبجە ناوچەیەكی سنوریە لەگەڵ ئێران لە پێشتریشدا ناوچەیەكی شەڕگە بووە، بۆیە كێڵگەی مینی زۆری لێیەو روبەرێكی فراوانی خاكەكەی پیسبووە بەمین و تەقەمەنی بەتایبەت لەجەنگی عێراق و ئێران.
بەپێی ئامارەكانی دەزگای گشتی كاروباری مین، ڕووبەری پیسبووەكەی هەڵەبجە 543 ملیۆن و 687 هەزار و 14 دۆنم زەویە، بە كردنەوەی بەرێوەبەرایەتی مین پرۆسەی پاكسازی كردن لەو پارێزگایە خێراتر دەبێـت.
دەزگای گشتی كاروباری مین خاوەنی شەش بەرێوەبەرایەتی گشتییە لە هەرێمی كوردستان، لەهەریەكە لەشارەكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك و یەكەی كارگێری گەرمیان هەروەها بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری دارایی و كارگێری و بەرێوبەرایەتی گشتی كاروباری تەكنیكی هەیە.
xandan -
