كەشناسی پێشبینییەكانی كەشوهەوای رۆژانی نەورۆزی راگەیاند
لەراگەیەندراوێكدا كەوێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە، كەشناسی پێشبینی دەكات سێ رۆژی داهاتوو هەرێمی كوردستان بە كەشێكی ناسەقامگیردا تێپەڕ ببێت.
كەشناسی ئاماژەی بەوەشكردووە، سبەی ئاسمانی هەرێم بەگشتی نیمچە هەورو هەوری تەواو دەبێت، لە تەواوی پارێزگاكانی هەرێم باران دەبارێت، لەناوچە شاخاویەكان بڕێكی زۆر باران دەبارێت و لەناوچە سنورییەكانیش بەفرێكی كەم دەبارێت.
كەشناسی هەرێم رونیشكردووەتەوە، لە دووەم رۆژی نەورۆزدا (سێشەممە) هەرێمی كوردستان دەكەویتە ژێر كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی توركیا، ئاسمان پەڵە هەور دەبێت و پاشان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەورو لە هەندێ ناوچە بۆ هەوری تەواو لەگەڵ ئەگەری نمە باران هەیە، بەڵام لە پارێزگای هەولێرو سلێمانی ئەگەری باران بارین زیاتر دەبێت.
هەروەها هاتووە، سێیەم رۆژی نەورۆز (چوارشەممە)، هەرێم دەكەوێتە ژێر كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور پارێزگای هەولێرو دهۆك نمە بارانێكی كەمی دەبێت، بەڵام پارێزگاكانی هەڵەبجە و سلێمانی و كەركوك زۆرترین ڕێژەی باران بارینی دەبێت، هەروەها ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزو خۆڵێش هەیە لە هەندێ ناوچە .
xandan -
