ئافرەتێک بەناوی ڕێکخراوێکی کوردیی سویدەوە پارە لە ھاووڵاتيیان وەردەگیرێت

 ئافرەتێک بەناوی ڕێکخراوێکی کوردیی سویدەوە پارە لە ھاووڵاتيیان وەردەگیرێت
کۆمەڵەی دایکانی کورد لە سوید ڕای دەگەیەنێت، کە ئافرەتێک خۆی بە بەرپرسی ڕێکخراوەکەیان ناساندووە و چەند کەسێکی دیکەی لەگەڵدایە بەناوی ئەوانەوە پارەیەکی زۆریان لە خەڵک وەرگرتووە لە کاتێکدا ئێمە ژمارەی ھەژمار (حیساب)ی بانکیمان ھەیە.

کۆمەڵەی دایکانی کورد لە سوید، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕای دەگەیەنێت: "وەکو بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵەی دایکانی کورد سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوەکەمان ئاگادار دەکەینەوە، کە ئافرەتێک بەناوی (ن.ش.ب) کە وەکو بەرپرسی کۆمەڵەکەمان خۆی ناساندووە و چەند کەسێکی دیکەشی لەگەڵدا بەشدارن و ناوەکانیان لای ئێمە پارێزراون، بەناوی ئێمەوە لە کوردستان پارەیەکی زۆریان لە خەڵک وەرگرتووە".

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "ھەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە بەھیچ شێوەیەک ئەو کەسە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و بە فەرمی لە سوید و کوردستان لە ڕێگای پارێزەرەکانمانەوە داوای یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆمار دەکەین، کە بەناوی ئێمەوە گەل فریو دەدەن".

ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوەش دەدات: "ئێمە زۆرجار یارمەتیمان بۆ گەلەکەمان لە شەنگال و کۆبانێ کۆ کردووەتەوە، بەڵام ژمارەی ھەژماری بانکیمان ھەیە لە سوید و ھەموو کارەکانیشمان بە یاسایی دەکەین و بەرپرسی بەشی ئابووریمان ھەیە".








باسنیوز
Top