ئافرەتێک بەناوی ڕێکخراوێکی کوردیی سویدەوە پارە لە ھاووڵاتيیان وەردەگیرێت
کۆمەڵەی دایکانی کورد لە سوید، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕای دەگەیەنێت: "وەکو بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵەی دایکانی کورد سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوەکەمان ئاگادار دەکەینەوە، کە ئافرەتێک بەناوی (ن.ش.ب) کە وەکو بەرپرسی کۆمەڵەکەمان خۆی ناساندووە و چەند کەسێکی دیکەشی لەگەڵدا بەشدارن و ناوەکانیان لای ئێمە پارێزراون، بەناوی ئێمەوە لە کوردستان پارەیەکی زۆریان لە خەڵک وەرگرتووە".
لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "ھەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە بەھیچ شێوەیەک ئەو کەسە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و بە فەرمی لە سوید و کوردستان لە ڕێگای پارێزەرەکانمانەوە داوای یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆمار دەکەین، کە بەناوی ئێمەوە گەل فریو دەدەن".
ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوەش دەدات: "ئێمە زۆرجار یارمەتیمان بۆ گەلەکەمان لە شەنگال و کۆبانێ کۆ کردووەتەوە، بەڵام ژمارەی ھەژماری بانکیمان ھەیە لە سوید و ھەموو کارەکانیشمان بە یاسایی دەکەین و بەرپرسی بەشی ئابووریمان ھەیە".
باسنیوز
