كوردانی نیشتەجێی ئەڵمانیا لەدژی ئەردۆغان و ریفراندۆم خۆپیشاندانیان ئەنجامدا
خۆپیشاندەران ئاڵاو وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان-ی رابەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) یان بەرزكردەوەو چەندین دروشمیان دەوتەوە لەوانە "ئازادی بۆ ئۆجەلان ".
سینان ئەنین یەكێك لە خۆپیشاندەرەكان بە رۆیتەرز-ی وتووە: " پێویستە ئەوروپیەكان گوێمان بۆ بگرن ، هاوسۆزیمان بۆ دەرببڕن و پشتیوانی ویارمەتیمان بدەن. وتیشی: " زۆر باش دەبێت ئەگەرئەوروپا گەمارۆی ئابوری بەسەر توركیادا بسەپێنن".
سەدان پۆلیس بەمەبەستی چاودێریكردنی خۆپیشاندانەكە جێگیركرابوون. هاوكات پۆلیسی فرانكفۆرت رایگەیاند: خۆپیشاندانەكە ئاشتیانەیە.
رۆژی چوارشەممە مارتین شایفەر وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: بەرلین دەنگدانی نزیكەی ملیۆنێك و 400 هەزار تورك كە لەئەڵمانیا دەژین پەسەند كردووە كە مافی دەنگدانیان هەیە لەریفراندۆمەكەی 16ی نیسان كە بەپەسەندكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكاری ئەردۆغان زیاتر دەبێت.
ئەردۆغان هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی توركەكانی تاراوگە دەدات بۆ ریفراندۆم لەسەر گۆڕەكانرییەكان لەدەستووری ئەو وڵاتە . (سیگمەر گابریڵ ) وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاندووە: ئەردۆغان دەیەوێت هەست و سۆزی زۆربەی ئەو توركانە بقۆزێتەوە كە لەئەڵمانیا دەژین بە بانگەشەكردن بۆ ئەوەی كە لە ئەڵمانیا توركەكان قبوڵنەكراوو پێشوازی لێكراو نین.
موستەفا بۆستان بەشداربویەكی تری خۆپیشاندانەكە ڕایگەیاندوە: ئەگەر ئەردۆغان سەركەوتن بەدەستبهێنێت لە ریفراندۆم ، شتەكان خراپتردەبن . وتی:" دواتر ئەرۆدغان دەستدەكاتەوە بەشەڕكردن لەگەڵ كوردو روخاندن و سوتاندنی شارۆچكەو گوندەكان و كوشتنی كوردان".
پەیوەندیەكانی نێوان ئەنكەرەو بەرلین ئاڵۆزی و ساردوسڕی بەخۆوە بینیوە بەهۆی دەستگیركردنی رۆژنامەنوسێكی ئەڵمانی بەرەگەز تورك لەتوركیا و قەدەغەكردنی كۆڕو كۆبونەوەی جەماوەری وەزیرەكانی توركیا لە ئەڵمانیا بەئامانجی بانگەشەكردن بۆ ریفراندۆمی تایەبت بە گۆڕانكارییە دەستورییەكانی ئەو وڵاتە.
XANDAN -
