لە پەرلەمانی بەریتانیا زەینەب عەلی كەمال خەڵاتی سەركەوتووترین گەنج لە بواری بێزنس بەدەست دەهێنێت

لە پەرلەمانی بەریتانیا زەینەب عەلی كەمال خەڵاتی سەركەوتووترین گەنج  لە بواری بێزنس بەدەست دەهێنێت
رۆژی 15/3/2017 لە پەرلەمانی بەریتانیا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا و ئەندامانی حزبی ئازادی و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەراسیمێك بۆ رێزلێنان لەو کەسانەی سەرکەوتوو لە بوارە جیاجیاکاندا سازکرا.
بۆ ئەم ساڵ خاتوو زەینەب عەلی كەمال توانی خەڵاتی سەرکەوتووترین گەنجی بەدەستهێنا كە توانیویانە هەر لە منداڵییەوە خۆیان درووست دەكەن و پێدەگەیەنن لە بری ئەو سەركەوتنەی كە لە بواری بیزنسدا لە ماوەی رابردوودا بەدەستی هێناوە و بەشدارییەكی كارای هەبووە لە كاری خێرخوازیدا.
لەم بارەیەوە زەینەب عەلی كەمال لە لێدوانێكدا رایگەیاند: ساڵانە لەسەر ئاستی پەرلەمانی بەریتانیا ئەو خەڵاتە لە چواردە بوار و تەمەنی جیاجیا پێشكەش دەكرێتک منیش ئەم ساڵ خەڵاتی سەرکەوتووترین گەنجم بە دەستهێنا كە توانیویانە لە بواری خۆیاندا خۆیان پێبگەیەنن و لە كارەكانیاندا سەركەوتوو بن لە هەمان کاتدا وێڕای کارەکانیان سوودیان بۆ كۆمەڵگا دەبێت و لە بواری خێرخوازیشدا بەشدارییەكی كارایان هەیە، ئەم خەڵاتەش وەک هاندانێکە بۆ ئەوەی پەرە بە کار و تواناکانیان بکەن.
زەینەب عەلی هەروەها دەڵێ" من وەكو كچێكی كورد ئەم خەڵاتە پێشكەش بە گیانی بەرزە فڕی ئەو شەهیدانەی كوردستان دەكەم كە توانییان بە قوربانیدان و گیان بەخشین سنوورەكانی وڵات بپارێزن و رێگایان نەدا دوژمنان نزیكی خاكی كوردستان بكەون، هەروەها پێشكەشی دەكەم بە پێشمەرگە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و خوشك و دایك و هاوسەر و رۆڵەكانیان كە لە سەنگەرەكانی بەرگریدان بەرامبەر بە دوژمنانی مرۆڤایەتی، بەتایبەتی ئەو پێشمەرگە ئافرەتانەی كە شان بە شانی براكانیان لە سەنگەرەكانی سەرفرازیدان.
لە كۆتاییدا خاتوو زەینەب وتی: بە پێویستی دەزانم سوپاسی هەموو ئەو كەسانە بكەم كە هاوكار و یارمەتیدەرم بوون لە كارەكەمدا بەتایبەتی خانەوادەكەم كە ئەگەر پشتگیری و پاڵپشتی ئەوان نەبووایە من نەمدەتوانی ئەو سەركەوتنە لە كارەكەمدا بەدەست بهێنم.











ئا/ خەلیل بلەیی
Top