پێگەی مۆکری نیوز: ئەمەریکا بۆ سەربەخۆییی کوردستان نێوەندگیری لەنێوان هەولێر و بەغدادا دەکات
پێگەی جوگرافیاییی هەرێمی کوردستان بەلای شرۆڤەکارانی نێودەوڵەتییەوە بۆ سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوین زۆر گرینگە. پێگەی مۆکری نیوز سەبارەت بە ڕۆڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا لە شرۆڤەیەکدا نووسیوویەتی، هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا لەسەر جوگرافیایەک هەڵکەوتووە، کە بۆ ئەمەریکا و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوین زۆر گرینگە، لە لایەکی ئێران و تورکیا و، لە لایەکی عێراق و سوننەکان و، لە لایەکی دیکەیشییەوە سووریایە. کوردەکان پێیان باش بوو، کە (دۆنالد ترەمپ) بوو بە سەرۆکی ئەمەریکا و ئێستاش دەیانەوێت ئەمەریکا خاوەنی سەرۆکێکی بەهێز بێت، بۆ ئەوەی لە ناوچەکەدا بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات. ئێستا بۆ گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بەتایبەت کە داعش بەرەو کۆتایی دەچێت، کوردەکان باوەڕیان وایە، ئەمەریکا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت و دۆستەکانی دەستنیشان دەکات، کەچی پێشتر هەموو لایەک باوەڕیان وابوو، کە ڕۆڵێ ئەمەریکا لە ناوچەکەدا تەنیا بۆ سەقامگیریی سیاسییە. هەڵبەت دۆخەکە بۆ عەربەکانی عێراق جودایە، چونکە هەندێک عەرەبی عێراق وای دەبینین، کە ئەمەریکا نەیتوانیوە لە عێراقدا نفووزی هەبێت.
پێگەکە وای دەرخستووە، کە ئەگەر ئەمەریکا بە ڕۆڵێکی کاریگەرەوە نەچێتە نێو دۆخی ناوچەکەوە، بەتایبەتی لە عێراق و سووریادا، ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی دەچێت، چونکە شرۆڤەکاران وای بۆ دەچن، لەدوای نەمانی داعش، ئەگەر کار بۆ سەقامگیریی ناوچەکە نەکرێت، کارەساتێکی گەورەتر لە داعش ڕوو لە ناوچەکەدا دەکات.
پێگەکە باوەڕی عەرەبەکانی لە عێراق بۆ ئەمەریکا نیشان داوە، کە پێیان وایە، ئەمەریکا لەبری ئەوەی کار بۆ دروستکردنەوەی عێراقی نوێ بکات، ڕێیەکی تائیفی بۆ حوکمڕانیی عێراق بەکارهێناوە و، ئەم سیاسەتەی ئەمەریکایان بە خیانەتکردن لە عێراق ناو بردووە. پێگەی مۆکری نیوز، ئێرانی بە نموونە هێناوەتەوە، کە بە چەک و تەقەمەنی یارمەتیی هێزە عێراقییەکانی داوە و زیاتر خۆی لە عێراق نیزیک کردووەتەوە، بۆیە پێگەکە دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی کە عێراقییەکان لە ئەمەریکا نیگەرانن، بەڵام ژمارەیەکی زۆریان پێیان باشە، لەبری ئێران، ئەمەریکا لە عێراقدا نفوزی هەبێت، چونکە ئەمەریکا بۆ سەقامگیریی عێراق بە باشتر دەزانن.
دەربارەی حوکمڕانیی ئێستای عێراق لە شرۆڤەکەدا وا نیشان دراوە، کە ئێستا جگە لەو شیعانەی حوکمڕانی دەکەن، تەواوی عێراقییەکانی دیکەش لەو سیاسەتەی عێراق نیگەرانن، چونکە هەست ناکەن، لە حکومڕانیدان و کێشەکانیان چارە دەکرێت. کوردەکانیش پێیان وایە، ئەمەریکا دێتە سەرهێڵ بۆ ئەوەی لەو کاتەدا کە سەبارەت بە سەربەخۆییی کوردستان لەگەڵ بەغدا دیالۆگ دەکەن، نێوەندگیرییان بکات، تا ئەو پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت.
بەگوێرەی شرۆڤەی پێگەکە، وەک چۆن لە ساڵی ١٩٩١دا ئەمەریکا پشتی کوردی گرت و هەرێمی کوردستان سنووری خۆی بۆ دیاری کرا و، لە ساڵی ٢٠٠٣شدا ڕۆڵی کورد لە جەنگی ئەمەریکا دژ بە ڕژێمی بەعسدا یەکلاکەرەوە بوو، هەروەها ساڵی ٢٠١٤ش جارێکی دیکە ئەمەریکا هاتە سەرهێڵ و پشتی کوردی گرت، ئێستاش بۆ سەربەخۆییی کوردستان، وەها چاوەڕوان کراوە، کە ئەمەریکا لەدوای قۆناخی تەواوبوونی داعش پشتی کورد بگرێت، بۆ ئەوەی سەربەخۆییی خۆیان ڕابگەیەنن.
بەگوێرەی شرۆڤەی پێگەکە، ئێستا ئەمەریکا لە دیراسەکردنی ناوچەکەدایە و خۆی لە هەندێک شت بێدەنگ کردووە، چونکە ئامانجییەتی جارێ داعش کۆتایی بێت، بەڵام ڕۆڵی ئەمەریکا هێدی هێدی دەردەکەوێت، کە لەدوای داعش زۆر بەهێزەوە کاریگەریی لە ناوچەکەدا دەبێت.
PdK
