د. محەمەد خورشید: ئاڵای كوردستان لە هەموو سنووری كەركووك هەڵكراوە، تەنیا ماوە بەفەرمی بكرێت
لەدوای سەرهەڵدانی داعش لە سنووری کەرکووکدا، هێزی پێشمەرگە نەیهێشت داعش دەست بەسەر کەرکوودا بگرێت و توانی ئەم شارە بپارێزێت و سەقامگیریی بۆ گشت پێکهاتەکانی کەرکووک دابین کرد، لەگەڵ پارێزگاریکردن لە کەرکووک لەژێر سایەی ئاڵای کوردستاندا، ئێستا لە تەوای سنوورەکەدا ئاڵای کوردستان هەڵکراوە و بۆ ئەو مەبەستەش داواکراوە، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیارێک بۆ بەفەرمیکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک دەرچوێنێت. سەبارەت بەم پرسە، (د. محەمەد خورشید)، بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە كەركووك دەڵێت: ''لە ڕۆژانی ڕابردوودا (د. نەجمەدین كەریم)، پارێزگاری كەركووك، نووسراوێكی ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كرد و داوای كرد ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیارێك دەربكات، کە لەتەك ئاڵای عێراقدا ئاڵای كوردستانیش لە سەرجەم دامودەزگاكانی ئەم پارێزگایەدا دابنرێت. بەڵام بەشێكی سەركردەکانی عەرەب و توركمان لە شارەكەدا كەوتوونەتە خۆ و لێدوانی ئاگرین دەدەن. خۆ دەبوو، ئەوان لەبری ئەم قسانە لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگا و لایەنە كوردییەكان كۆببونایەتەوە و بە گفتوگۆ ڕای خۆیان دەربڕیبا، نەوەك ئەو لێدوانە ئاگرینانە بدەن.''
(د. محەمەد خورشید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەمە پێشنیاریكە و بە ئەنجوومەنی پارێزگا دراوە، نوێنەری توركمان و نوێنەری عەرەب و سەرجەم لایەنەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگادا هەن و لەوێدا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و یەكلایی دەبێتەوە.''
بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە كەركووك ڕوونی كردەوە: ''لە دەستووری عێراقدا كەركووك وەک ناوچەیەكی كێشەلەسەر دەستنیشان كراوە. بەڵام هێزی پێشمەرگە بەبێ جیاوازی ئەم شارەی لە چنگی تیرۆریستان پاراست و ئاڵای كوردستانی لە سەرجەم سنووری ئەم شارەدا بەرز كردەوە و ئێستا ئاڵاكە دەشەكێتەوە. خۆ تەنیا كورد لە كەركووك كوردستانی نییە، بەڵكو كەركووك بە هەموو نەتەوە و پێكهاتەکانییەوە ناوچەیەكی كوردستانییە. خۆ ئاڵای كوردستان لەمێژە لە كەركووك هەڵكراوە و تەنیا ماوە بەفەرمی لە فەرمانگەكاندا دابندرێت و ئەنجوومەنی پارێزگا بەفەرمی بڕیاری لەسەر بدات.''
(د. محەمەد خورشید) گوتیشی: ''زۆربەی خەڵكی كەركووك بە سەرجەم پێكهاتەكانییەوە لەژێر سایەی حوكمی هێزی پێشمەرگەدا حەساونەتەوە و ئاواتەخوازن بازگەی بانی مەقان و پردێ بگوێزرێتەوە ئەمدیوی كەركووك، بۆ ئەوەی بەتەواوی حکوومەتی هەرێم بیانپارێزێت. ئەمەش هەر قسە نییە و دووای ئەوەی هێزە عێراقییەكان ڕایان كرد و لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە بەرگریی لە شارەکە کرا و ئێستاش دەکرێت، بەئاشكرا هەست بە ئارامی و ئاسایش و حەسانەوەی شارەكە دەكرێت.''
PDK -
