پەکەکە ٥٠٠ خێزانی گەڕاوەی شنگالی ئاوارەی سەرچیا کردەوە؛ ڕەوشیان خراپە
بەگوێرەی زانیاریی چاودێران، پەکەکە، خۆی لە کۆمەڵگەی خانەسۆر پەستاوتووە و دەستی کردووە بە نانەوەی بشێوی لە ناوچەکەدا و لەگەڵ حەشدی شەعبی دەستی تێکەڵ کردووە و بە هاوکاریی وڵاتانی ئیقلیمی دەیەوێت ڕێ لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەڤەرەکە بگرێت و، ئێستا بووەتە هۆکارێکی دیکە بۆ ئەوەی ئەو خەڵکەی گەڕابوونەوە دەڤەری شنگال و سنوونێ، جارێکی دیکە ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی سەرچیای شنگال ببنەوە، چونکە نایانەوێت کچ و کوڕەکانیان بڕفێندرێن و پەکەکە چەکداریان بکات.
بەگوێرەی زانیاریی بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ، (نایف سەیدۆ) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێستا ٥٠٠ خێزان لەو خێزانانەی گەڕابوونەوە دەڤەری شنگال و سنوونێ، جارێکی دیکە ئاوارەی سەرچیای شنگال بوونەتەوە، چونکە پاش ئەوەی پەکەکە لە کۆمەڵگەی خانەسۆر پەلاماری هێزی پێشمەرگەی دا و دەستی بە نانەوەی بشێوی لە ناوچەکەدا کرد، ئەو خێزانانە ترسی ئەوەیان لێ پەیدا بوو، کە پەکەکە کچ و کوڕەکانیان بڕفێنێت و چەکداریان بکات.
شنگال، دەڤەرێکی گرینگی ناوچەکەیە و کەوتووەتە سەرهێڵی ٤٧ی نێودەوڵەتی و سێگۆشەی سنووری هەرێمی کوردستان و سووریا و عێراق و ناوچەکە پێک دێنێت و، بەگوێرەی زانیاریی چاودێران پەکەکە دەیەوێت بە هاوکاریی بەغدا، بەتایبەتی (مالیکی)، لەوێدا بنکەیەکی سەربازیی تەواو دروست بکات و بیکاتە قەندیلی دووەم، بۆیە ئامانجی پەکەکە ئەوەیە، کە خەڵکی ناوچەکە نەگەڕێنەوە و ناوچەکە شێوەیەکی بەتەواوەتی سەربازی هەبێت، بۆ ئەوەی پەکەکە و ئەوانەی دەیانەوێت زیان بە هەرێمی کوردستان بگەیەنن، لەوێوە بەربەست بۆ سەربەخۆییی خەڵکی کوردستان دروست بکەن.
(نایف سەیدۆ) نموونەیەک دەگێڕێتەوە، ئەو خەڵکەی گەڕابوونەوە ناوچەکە، پەکەکە گێچەڵی پێ دەکردن و بەربەستی بۆ دروست دەکردن و، ترس و دڵەڕاوکێی دەخستە ناوچەکەوە و منداڵانی دەڕفاند و، دواجار لە خانەسۆر پەلاماری پێشمەرگەیشی دا. پێشتریش پەکەکە لەو دەڤەرەدا چەند فەرمانبەرێکی شەهید کرد و بە ئۆتۆمبێلی جامڕەش دەسوڕانەوە و کردەی تۆقاندن و ئاژاوەنانەوەیان وەڕێ دەخست. بۆیە ئەمانە گشتی هۆکارن بۆ ئەوەی خەڵکەکە بچنەوە سەرچیای شنگال و بەرگەی سەرما و گەرما بگرن، بەڵام نەکەونە بندەستی پەکەکە.
(سەیدۆ) ئاماژەیشی دا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هانای ئەو خەڵکەوە چووە، کە ئێستا چوونەتەوە سەرچیای شنگال و خیوەتی بۆ دابین کردوون، بەڵام وەرزەکە سارد و باراناوییە و ڕەوشی ئەو خەڵکە زۆر ناخۆشە، کەچی خەڵک بە ئێمەیان گوتووە، تا پەکەکە لەو ناوچەیەدا بێت، ئەوان ناگەڕێنەوە.
PDK
