جاف: ڕێکخراوە جیهانییەکان هۆشدارییان داوەتە پەکەکە دەست لە چەکدارکردنی منداڵان هەڵگرێت

جاف: ڕێکخراوە جیهانییەکان هۆشدارییان داوەتە پەکەکە دەست لە چەکدارکردنی منداڵان هەڵگرێت
ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ (د. ئەشواق جاف) دەڵێت، كۆمەڵێك ڕێكخراوی جیهانی پەیامێكیان ئاراستەی پەكەكە كردووە، بۆ ئەوەی دەست لە بەسەربازكردنی منداڵان هەڵگرێت، چونکە پەکەکە مافی مرۆڤی پێشێل کردووە و جیهانیش لەو ڕەفتارەیان ئاگادارە.

بەگوێرەی زانیاریی چاودێرانی سیاسی، پەکەکە لە ساڵی ٢٠١٤دا لە شنگال و دەورووبەری، دەستی کردووە بە ڕفاندنی کچان و کوڕانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵی و چەکداری کردوون، لەگەڵ ئەوەی پەکەکە وەک پیشەی خۆی بەردەوام مافی مرۆڤی پێشێل کردووە و ڕێکارە یاسایییەکانی بەزاندووە، لەڕێی ڕفاندن و کردەوەی ترسناکەوە دەستی بە چەکدارکردنی منداڵان کردووە و دواجار بۆ کاری ترسناک ئامادەی کردوون و ناشهێڵێت کەسوکارەکانیان بیانبێنن. چەندین جار ڕێکخراوە جیهانییەکان هۆشدارییان داوەتە پەکەکە، دەست لەو کارەی هەڵگرێت، بەڵام پەکەکە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەردەوامە.

لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق ئاگاداری ئەو ڕەفتارانەی پەکەکەیە و ئەندامی لیژنەکە، (د. ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕێکخراوە جیهانییەکان ئاگاداری ئەو ڕەفتارانەی پەکەکەن، کە منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵی دەڕفێنن و چەکداریان دەکەن و کۆمەڵێک ڕێکخراوی جیهانیش پەیامێکیان ئاراستەی پەکەکە کردووە کە دەست لەو کارە هەڵگرن.

(ئەشواق جاف) دەڵێت: ''بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكانیش نابێ كەسانی خوار تەمەنی 18 ساڵی بۆ شەڕ بەكار بهێندرێن. خۆ بەپێی یاسای عێراقیش نابێ هیچ كەسێكی خوار تەمەنی 18 ساڵی، نە كاری سەربازی و نە كاری سیاسی پێ بكرێت و، نە خۆیشی بۆی هەیە لە جەنگدا بەشداری بكات. بۆیە بە هەموو شێوەیەك چەكداركردنی منداڵان لەلایەن پەكەكەوە تاوانە و دژ بە سەرجەم یاساكانە.''

دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستانیش چەندین جار ڕایگەیاندووە، پەکەکە مافی مرۆڤ پێشێل دەکات و منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵی دەڕفێنێت، ئاشکرایشیان کردووە، چەندین سکاڵای کەسوکاری منداڵە ڕفێندراوەکانیان بەلاوەیە، کە منداڵانەکانیان لەلایەن پەکەکەوە چەکدار کراون.

(د. ئەشواق جاف) بە پێویستی دەزانێ کە هەموو هێزە كوردییەكان ببنە پارێزەری دەوڵەتی كوردستان، نەوەك هەڕەشە لە دەستكەوتەكانمان بکەن و شەڕی نێوخۆ دروست بکەن. ناشبێ منداڵان بۆ مەرامی سەربازی و سیاسی بەكار بێنن، چونكە ئەمانە نەوەی دواڕۆژی ئەم گەلەن.''

(ئەشواق جاف) گوتیشی: ''ئێستا ئەركی پەکەکە كۆتاییی پێ هاتووە و پێویستە ڕێز لە یاسا و ئیدارەی ئێمە بگرن و دەست لە كێشەدروستكردن هەڵگرن و خاكی ئێمە بەجێ بێڵن. چونكە هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان ڕۆڵەكانیان بۆ شەڕ دابەش كردووە و هەركەسە و لە شوێنی خۆی ئەركەكەی جێبەجێ دەكات، هیچ پێویستییەك نییە كە ئەوان بمێننەوە. وەك چۆن پێشمەرگە دوای تەواوبوونی ئەركەكەی لە شاری كۆبانێ بەبێ كێشە گەڕایەوە هەرێم.''
PDK -
Top