کەرکووک.. کۆنگرەیەک بۆ ئامادەکاری دوای قۆناخی ڕزگارکردنەوەی حەویجە بەڕێوە چوو
شێخ مەسروور ناجی، سەرۆکی ھۆزی جبوور لە کەرکووک و یەکێک لە بەشداربووانی کۆنگرەکە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کۆنگرەکەی ئەمڕۆ شەممە 18/3/2017، بە بەشداری پێکھاتەکانی کەرکووک، لە کورد، عەرەب، تورکمان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکوومی بەڕێوەچوو، تێیدا باسی قۆناخی دوای ڕزگارکردنەوەی شارۆچکەی حەویجەمان لە دەستی تیرۆریستانی داعش کرد".
سەرۆکی ھۆزی جبوور لە کەرکووک، ئەوەشی خستە ڕوو: "لە کۆنگرەکەدا ئەو ڕێکارانە گفتوگۆیان لە بارەوە کرا کە لە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان پێکھاتەکانی شارۆچکەکە ڕوو نەدا، لە بەر ئەوەی لە چەندین شوێنی دیکەی عێراق، دوای ئازادکردنی ئەو شوێنانە لە دەستی تیرۆریستان، کێشە و ئاڵۆزی دروست بووە".
ئاشکراشی کرد: "لە کۆنگرەکەدا ڕێککەوتین لە سەر ئەوەی دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە، ئەو کەسانەی سەر بە تیرۆریستانی داعش بوون ڕادەستی دەزگا تەناھییەکان بکرێت، بیری تۆڵەکردنەوە بنەبڕ بکرێت و حکوومەتیش دەستی ئاوەدانی بگەیەنێتە ناوچەکە".
bas news -
