پارتێکی تورکمانی: دەبوو ئاڵای کوردستان زووتر لە سەر فەرمانگە حکوومییەکانی کەرکووک ھەڵبکرایە
سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دەبوو ئاڵای کوردستان زووتر لە سەر فەرمانگە حکوومییەکانی کەرکووک ھەڵبکرایە.
عیرفان کەرکووکلی سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، ئەمڕۆ شەممە 18/3/2017، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "شاری کەرکووک، شارێکی کوردستانییە، نەک ھەر ئێستا بەڵکو دەبوو زووتر ئاڵای کوردستان لە سەر فەرمانگە حکوومییەکانی شارەکە ھەڵبکرایە، لە ڕووی دەستووریشەوە ھیچ گرفتێک نییە لە بەردەم ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان، لە بەر ئەوەی کەرکووک لە چوارچێوەی ماددەی 140 دەستووری ھەمیشەیی عێراق، وەکو ناوچەیەکی جێناکۆک دەستنیشان کراوە لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ناوەند".
سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێمە وەکو نەتەوەی تورکمان ئاڵای کوردستان، بە ھی خۆمانی دەزانین و لە سەر بارەگاکەشمان لە کەرکووک و شوێنەکانی تر چەندین ساڵە ئاڵای کوردستانمان ھەڵکردووە، ئێمە لەڕووی مێژویشەوە بەشێکین لە خاکی کوردستان و لە سەر ئەم خاکە دەژین و پشتگیری ئەوە دەکەین، کە ئاڵای کوردستان لە سەر فەرمانگە حکوومییەکانی کەرکووک ھەڵبکرێت".
عیرفان کەرکووکلی، بۆ (باسنیوز) گوتیشی: "ڕەخنەی توند لەو بەرپرسە تورکمانانەی بەغدا دەگرم، کە ناڕەزاییان دەربڕی بوو لە سەر ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە سەر فەرمانگە حکوومییەکان و دەمەوێت ئەوە بڵێم، کە ئەوان لە کانیاوەکانی کوردستان ئاویان خواردوەتەوە و ماڵ و منداڵەکانیان لە کوردستانن، بەداخەوە ناڕەزاییان دەبڕی، پێویستە لە سەریان واقعی خۆیان بزانن کە بەشێکین لە خاکی کوردستان و ناڕەزایی دەبڕینەکەشیان لە سەر ئاڵای کوردستان، بۆ ڕازییکردنی ئەجیندای ترە".
bas news -
