یه‌په‌گه: له سه‌ره‌تای نیساندا ئۆپه‌راسیۆنی ره‌ققه ده‌ست پێده‌كه‌ین
سیپان حه‌مۆ فه‌رمانده‌ی سه‌ربازیی یه‌په‌گه، له گوته‌یه‌كیدا بۆ سایتی (سۆل)ـی توركی كه له رێگه‌ی ئیمیله‌وه وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه، چه‌ندین زانیاری تازه‌ی له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنی ره‌ققه ئاشكرا كردووه.
سیپان گوتوویه‌تی "بڕیار له باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی ره‌ققه دراوه، له سه‌رەتای مانگی نیساندا ئۆپه‌راسیۆنه‌كه ده‌ست پێ ده‌كات، هه‌روه‌ها به گوێره‌ی پێشبینی خۆمان بۆ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه ته‌نیا چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ده‌خایه‌نێ و به ته‌واوی ره‌ققه ده‌كه‌وێته ژێر ده‌ستی سوپای سووریای دیموكرات، چونكه له 3 قۆڵه‌وه هێرشه‌كه ده‌كرێت و له 3 قۆڵیشه‌وه داعش گه‌مارۆ دراوه و ناتوانێت شه‌ڕی ئێمه بكات".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، باسی له‌وه كرد كه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌په‌گه ئه‌زموونی زۆری هه‌یه له شه‌ڕی كۆڵان به كۆڵان و شه‌ڕی ناو شار، بۆیه ئه‌وان هه‌ڵبژێردراون تا ئه‌و شه‌ڕه ئه‌نجام بده‌ن و هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كیش كراوه.
سیپان ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه هه‌موو جۆره چه‌كێكیان پێگه‌یشتووه تا بتوانن به جوانی شه‌ڕی رزگاركردنی ره‌ققه بكه‌ن و راهێنانی تایبه‌تیشیان وه‌رگرتووه.
له رووی یاسایی و ده‌ستووریشه‌وه پێویسته حكوومه‌تی سووریا مافی كوردانی رۆژئاوا به ته‌واوی بدات، بۆیه ئه‌گه‌ر مافی كورد بدات و وه‌كو ئه‌وه‌ی له رابردوو به شێوه‌ی سه‌ربازی رووبه‌رووی كورد بووه‌ته‌وه و ئێستە په‌شیمان ببێته‌وه له‌و كردارانه، ئه‌وكات یه‌په‌گه هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د نابێت. ئه‌مه‌ش به گوته‌ی سیپان حه‌مۆ.
bas news -
