بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ: پەکەکە کار بۆ پارچەکردنی ئێزدییەکان دەکات
نایف سەیدۆ، بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێمە خەریکی ئەوە بوین دەست بە ئاوەدانکردنەوەی سنوونێ بکەین، گەلێک رێکخراو ئامادەییان دەربڕی و پلان و بەرنامەی ئاوەدانیان داڕشت، بەڵام پەکەکە، ڕەوشەکەی ئاڵۆز کرد، ئەو پلان و بەرنامانەی چەند ساڵێک دواخست، ئێمە خەریکی گەڕاندنەوەی خەڵکەکە و ئاوەدانی بووین، بەڵام پەکەکە ترس دروست دەکات، تاکو ھاووڵاتیان نەگەڕێنەوە".
بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ، ئەوەشی خستەڕوو: "ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پەکەکە، کێشە زیاتر دەکات، بەڵام ئەوەی مایەی دڵخۆشییە، گەنجی ئێمە ھۆشیار بووینە، ڕۆژانە گەنجەکانمان پەکەکە جێ دەھێڵن و دەبنە پێشمەرگە".
ئاشکراشی کرد: "ئەو چالاکییانەی پێشتر دەکرا، ئێستا بەھۆی مەترسی پەکەکەوە ناکرێن، بۆیە داوا دەکەین کە پەکەکە ئەو دەڤەرە بە ئاشتی چۆڵ بکات، چۆن ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، کۆبانێی ئازاد کرد و گەڕایەوە ھەرێمی کوردستان، ئاواش پەکەکە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بگەڕێتەوە و دەست لە شنگالێ بەر بدات".
bas news _
