نووری بریمۆ: پەكەكە فه‌رمانی پێ كراوە رۆژئاوا سڕ بكات و رەوشی هەرێم تێك بدات

 نووری بریمۆ: پەكەكە فه‌رمانی پێ كراوە رۆژئاوا سڕ بكات و رەوشی هەرێم تێك بدات
ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان-سووریا دەڵێ، پەكەكە وەكو داش لەلایەن رژێمی (ئەسەد) و وڵاتاننی دراوسێوە بەكار دەهێندرێت دژی كورد و دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان و، فه‌رمانی پێ دراوه‌ رۆژئاوای كوردستان سڕ بكات و رەوشی هەرێمی كوردستان تێك بدات.

(نووری بریمۆ) ڕایگەیاند: "لەو رۆژەوەی رژێمی (ئەسەد) شكستی هێنا و ناوچە كوردییەكانی رۆژئاوای رادەستی پەكەكە كرد و چەك و تفاقیان وه‌رگرت، ڕژێمی سووریا فه‌رمانیان پێ دەكات، كه‌ تا ئەمرۆیش پەكەكە دژ بە گەلی كورد كار دەكات و هەوڵی كپكردن و قەدەغەكردنی چالاكییەكانی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا دەدات."

(بریمۆ) ڕوونی كرده‌وه‌: "كاتی خۆی لە ساڵی 2012ـەدا، پەكەكە بارەگاكانی ئەنەكەسەی لە عەفرین و كۆبانی و گركێلەكێ و چەند شوێنێكی تر بە فه‌رمانی رژێمی (ئەسەد) داخست. ئەوەتا ئەمرۆیش هەر بە فەرمانی ئەو رژێمە، هه‌ڵمه‌تێكی تری داخستنی نووسینگه‌كانی بەسەر ئەنەكەسەدا سه‌پاندووه‌."

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان-سووریا جەختی كردەوە كه‌ پەكەكە فه‌رمانی پێ كراوه‌ رۆژئاوای كوردستان سڕ بكات و رەوشی هەرێمی كوردستان تێك بدات، بارەگاكانی ئەنەكەسە دابخات و گوتی ''زیاتر لە (50) كادیری بەند كردووین، ناوی رۆژئاوایشی كردووەتە باكووری سووریا. لە هەرێمیش خەریكی شێواندنی رەوشەكەیە و هەوڵی دروستكردنی شەڕی براكوژی دەدات و، ئاڵای كوردستان دەسوتێنێت."

ده‌رباره‌ی ئامانجه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی دژ به‌ پارته‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان به‌رپای كردووه‌، كه‌ بیرورا و خه‌باتیان له‌ پێناو هێنانه‌ دی ئامانجه‌كانی گه‌لی كوردستاندایه‌، (بریمۆ) ده‌ڵێ ''پەكەكە لەم كردەوانەیدا مەبەستیەتی رێگری لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان بكات و شەڕی براكوژی دروست بكات، چونكە وڵاتانی دراوسێ خۆیان نەیانتوانی ببنە رێگر. ئەوەتا بەغدا بودجەی هەرێمی بڕی هیچی پێ نەكرا، داعش هێرشی كردینە سەر هەر نەیتوانی بمانوەستێنێ، دارودەستەكانی وڵاتان لە هەرێم هەوڵی شێواندنی هەرێمیان دا بۆیان نەچووە سەر؛ بۆیە ئێستا پەكەكە وەكو داش لەلایەن وڵاتاننی دراوسێوە بەكار دەهێندرێت دژی كورد و دروستبوونی دەوڵەتی كوردستانه‌."















KDP
Top