زیاتر لە 2500 ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران دروست دەکرێن

 زیاتر لە 2500 ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران دروست دەکرێن
سەرۆکی شارەوانی کەلار، دروستکردنی زیاتر لە 2500 ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی شارەکەی ڕاگەیاند.

ئەکڕەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانیی کەلار، ڕایگەیاند: "لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن شارەوانیی کەلارەوە، نووسراو بۆ 5 پرۆژەی نیشتەجێبوون کراوە لە سنووری کەلاردا، بەڵام بەھۆی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنانەوە، پرۆژەکانی نیشتەجێبوون ڕاگیرابوون، لە سەردانی جێگری سەرۆکی حکوومەتدا بۆ کەلار، داوامان لێ کرد مۆڵەت بەو پرۆژانە بدرێت کە زۆرینەی قۆناغەکانیان بڕیوە".

ئەوەشی ڕوون کردەوە: "لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 16\3\2017ی ئەنجومەنی وەزیراندا، بەکۆی دەنگ بڕیاردراوە لەسەر مۆڵەت پێدانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سنوورەکە کە ڕەنگە 3 پرۆژەیان بگرێتەوە کە زۆرینەی قۆناغەکانیان لە نەخشە و پلان بڕیوە".

ئاماژەی بەوەش کرد کە بە تەنها پرۆژەی یەکەی نیشتەجێبوونی مامۆستایان، 1540 یەکەیە و پڕۆژەی نیشتەجێبوونی فەرمانبەرانیش، هەزار یەکە لە خۆی دەگرێت. گوتیشی: ”شێوازی وەرگرتنی پارەی پێشەکی و قیستەکانیش پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام بەبۆنەی ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر ئابووریی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، ڕەنگە پێشەکی و قیستەکانیش گۆڕانکارییان تێدا بکرێت، بەشێوەیەک لەگەڵ باری ئابووریی مامۆستایان و فەرمانبەراندا بگونجێت".







باسنیوز
Top