لە یادی کیمیابارانی ھەڵەبجە نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە پۆڵۆنیا یاداشتێکی پێشکەشی پەڕلەمانی پۆڵۆنیا کرد

لە یادی کیمیابارانی ھەڵەبجە نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە پۆڵۆنیا یاداشتێکی پێشکەشی پەڕلەمانی پۆڵۆنیا کرد


لە یادی ٢٩ ھەمین ساڵیادی کیمیابارانی ھەڵەبجە و قوربانیانی ئەنفال، زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا یاداشتێکی پێشکەشی پەڕلەمانی پۆڵۆنیا کرد بۆ ناساندنی تاوانی ئەنفال وەکو جینۆساید.



نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا سەردانی تەلاری پەڕلەمانی پۆڵۆنیای کرد بۆ پێشکەش کردنی یاداشتێک بۆ ناساندنی تاوانی ئەنفال وەکو جینۆساید. ھاوکات "ڕاڤەی یاسایی ئۆپەڕاسیۆنی ئەنفال" کە لە لایەن پڕفیسۆر ئیرێنێوش کامینسکی Ireneusz Kamiński پسپۆری بواری یاسای نێودەوڵەتی نوسراوە، ھاوپێچی یاداشتەکە کرد. نوسەری ئەو ڕاڤە یاساییە بەشێوەیەکی وورد ڕوونی دەکاتەوە کە کردەکانی ڕژێمی عێڕاق لە چوارچێوەی ئۆپەڕاسیۆنی ئەنفال بەبێ ھیچ گومانێک تاوانی کۆمەڵکوژییە لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتی.



زیاد ڕەئوف دوای پێشکەش کردنی یاداشتەکە، بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی زنجیرەیەک چاوپێکەوتن و دیدار لەگەڵ پەڕلەمانتارانی پۆڵۆنی لە ھەموو پارت و لایەنەکان، یەکەم دیداری لەو بابەتە لە پاییزی ساڵی ڕابردوو دەستی پێکرد. چاوپێکەوتنی تری لەو بابەتە لە ڕۆژانی ١٨ و ٢١ ی مارس ئەنجام دەدرێت لە میانەی یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز کە ژمارەیەک لە پەڕلەمانتاران بەشداری دەکەن.



لە ساڵیادی کارەساتی ھەڵەبجە لە نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سیمینارێکی تایبەت بەڕێوەچوو لەبارەی تاوانی کۆمەڵکوژی ھەڵەبجە. ھەریەک لە قوتابیانی دکتۆرا – ڕێباز جلال و ھەڤاڵ حوسێن کە لە زانکۆکانی وارشۆ دەخوێنن، بابەتێکیان ئامادە کرد بەناوی "چۆن یادی ھەڵەبجە بکرێتەوە؟" کە بەشێوەی نیشاندانی مەڵتیمێدیا کارەساتی ھەڵەبجە دەخەنەڕوو ھاوکات لەگەڵ ڕا و بۆچوونی ڕەخنەگرانە دەربارەی یادەکە.

لە کۆتاییدا داوا لە ئامادەبووان کرا بۆ گفتوگۆ و وتووێژ لەبارەی سیمینارەکە و خستنەڕووی پێشنیار و ڕەخنە.
bas news-
Top