گەنجانی هەڵەبجە داوای زیندووکردنەوەی دۆسیەی تاریق رەمەزان دەکەن

 گەنجانی هەڵەبجە داوای زیندووکردنەوەی دۆسیەی تاریق رەمەزان دەکەن
ئەمڕۆ پێنجشەممە و لە پەراوێزی یادی ٢٩یەمین ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا کۆمەڵێک گەنجی هەڵەبجە گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ڕێکخست و خوازیاری لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تاریق ڕەمەزان بوون.



بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری (باسنیوز) گەنجانی هەڵەبجە لەناو مۆنۆمێنتی هەڵەبجە گردبوونەوەیان کرد و داوای ڕوونکردنەوە و وەگەڕخستنەوەی دۆسیەی (تاریق ڕەمەزان) ئەو فڕۆکەوانەیان کرد کە هەڵەبجەی بۆردومان کردووە و پێشتر ئازاد کراوە.



لە گردبوونەوەکەیان گەنجانی هەڵەبجە داوایان کرد ئەو فڕۆکەوانە کە پێشتر ئازادکراوە بهێنرێتە هەڵەبجە و لاشەی ئەو فڕکەیشیان ڕەت کردەوەکە پێشتر هێنڕایە ناو مۆنۆمێنتی هەڵەبجەوە.



‎(تاریق رەمەزان عەزاوی) یەکێک لەو ئەفسەرە فڕۆکەوانانەی بە دانپێدانانی خۆی لە ساڵی ١٩٨٨ بەشداریی ‏کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی کردبوو، بەڵام قەبارەی گەورەی تاوانەکەی نەبووه‌ هۆی ئەوەی لە زیندانێکی ‏کوردستاندا لە ئاسایشی سلێمانی ڕووبەرووی دادگاییکردن و سزا بکرێتەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی گوماناوی لە زیندان ئازاد کرا.



فڕۆکەوانێکی بە رەگەز توركمان بووە، لە ساڵی ١٩٥٨ لەدایك بووە و لە ساڵی ١٩٧٨ پەیوەندی بە كۆلێژی ‏سەربازیی فرۆكەوانی بەعسەوە دەكات و لە سەر چەند جۆرێک فرۆكەی سەربازی راهێنانی سەربازی ‏كردووە دواتر رژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٢ بۆ مەشقكردن ڕەوانەی فەرەنسای کردبوو بۆ راهێنانی زیاتر و ‏شارەزابوونی زیاتری لەبواری فڕۆکەوانیدا. ئەو بەدانپێدانانەکانی خۆی و ئەو زانیارییانەی لەسەری هەبوون ‏بەشداری لە سەپەرشتیکردنی کیمیابارنکردنی هەڵەبجەدا کردبوو و خۆیشی یەکێکە بووە لەو فڕۆکەوانانەی ‏بە کردار لە ١٦-٣-١٩٨٨ بە چەکی کیمیاوی شاری هەڵەبجەی بۆردوومان کردووە.



لە ٣ی شوباتی ٢٠٠٥ لە بنكەی ئاسمانیی كەركوك تاریق ڕەمەزان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ‏دەستگیر دەكرێت. ئەو فڕۆكەوانە هەڵاتووە ماوەی ١٨ مانگ لە زیندانی تاكەكەسی لە ئاسایشی سلێمانی ‏زیندانی دەكرێت و لە سەرەتای ٢٠٠٧ەوە دەبرێتە زیندانی تاکەکەسی (كانی گۆمە‎.)



چۆن ئەو تاوانبارە ئازادکرا؟

‎ ‎تارق رەمەزان لە ٢٨-١٠-٢٠٠٨، دوای ١٨ مانگ لە زیندانیکردنی لە ئاسایشی سلێمانی، دواتر ئازاد کرا و ئەوکاتە باس لەوە کرا کە بە بڕیاری یەکێتی ئازاد كراوە.
BAS NEWS-
Top