گەنجانی هەڵەبجە داوای زیندووکردنەوەی دۆسیەی تاریق رەمەزان دەکەن
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری (باسنیوز) گەنجانی هەڵەبجە لەناو مۆنۆمێنتی هەڵەبجە گردبوونەوەیان کرد و داوای ڕوونکردنەوە و وەگەڕخستنەوەی دۆسیەی (تاریق ڕەمەزان) ئەو فڕۆکەوانەیان کرد کە هەڵەبجەی بۆردومان کردووە و پێشتر ئازاد کراوە.
لە گردبوونەوەکەیان گەنجانی هەڵەبجە داوایان کرد ئەو فڕۆکەوانە کە پێشتر ئازادکراوە بهێنرێتە هەڵەبجە و لاشەی ئەو فڕکەیشیان ڕەت کردەوەکە پێشتر هێنڕایە ناو مۆنۆمێنتی هەڵەبجەوە.
(تاریق رەمەزان عەزاوی) یەکێک لەو ئەفسەرە فڕۆکەوانانەی بە دانپێدانانی خۆی لە ساڵی ١٩٨٨ بەشداریی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی کردبوو، بەڵام قەبارەی گەورەی تاوانەکەی نەبووه هۆی ئەوەی لە زیندانێکی کوردستاندا لە ئاسایشی سلێمانی ڕووبەرووی دادگاییکردن و سزا بکرێتەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی گوماناوی لە زیندان ئازاد کرا.
فڕۆکەوانێکی بە رەگەز توركمان بووە، لە ساڵی ١٩٥٨ لەدایك بووە و لە ساڵی ١٩٧٨ پەیوەندی بە كۆلێژی سەربازیی فرۆكەوانی بەعسەوە دەكات و لە سەر چەند جۆرێک فرۆكەی سەربازی راهێنانی سەربازی كردووە دواتر رژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٢ بۆ مەشقكردن ڕەوانەی فەرەنسای کردبوو بۆ راهێنانی زیاتر و شارەزابوونی زیاتری لەبواری فڕۆکەوانیدا. ئەو بەدانپێدانانەکانی خۆی و ئەو زانیارییانەی لەسەری هەبوون بەشداری لە سەپەرشتیکردنی کیمیابارنکردنی هەڵەبجەدا کردبوو و خۆیشی یەکێکە بووە لەو فڕۆکەوانانەی بە کردار لە ١٦-٣-١٩٨٨ بە چەکی کیمیاوی شاری هەڵەبجەی بۆردوومان کردووە.
لە ٣ی شوباتی ٢٠٠٥ لە بنكەی ئاسمانیی كەركوك تاریق ڕەمەزان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیر دەكرێت. ئەو فڕۆكەوانە هەڵاتووە ماوەی ١٨ مانگ لە زیندانی تاكەكەسی لە ئاسایشی سلێمانی زیندانی دەكرێت و لە سەرەتای ٢٠٠٧ەوە دەبرێتە زیندانی تاکەکەسی (كانی گۆمە.)
چۆن ئەو تاوانبارە ئازادکرا؟
تارق رەمەزان لە ٢٨-١٠-٢٠٠٨، دوای ١٨ مانگ لە زیندانیکردنی لە ئاسایشی سلێمانی، دواتر ئازاد کرا و ئەوکاتە باس لەوە کرا کە بە بڕیاری یەکێتی ئازاد كراوە.
BAS NEWS-
