لە کەمپی دیبەگە سەنتەری ھەڵەبجەی شەھید کرایەوە

لە کەمپی دیبەگە سەنتەری ھەڵەبجەی شەھید کرایەوە
لە ٢٩یەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ANCF سەنتەرێکی ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییان بە ناوی ھەڵەبجەی شەھید بۆ کەمپەکانی دیبەگە کردەوە.



ڕێککەوتی ١٦/3/١٩٨٨ شاری ھەڵەبجە، لەلایەن رژێمی بەعسەوە کیمیاباران کرا و زیاتر ٥٠٠٠ ھاووڵاتی بێتاوانی شارەکە شەھیدبوون، ئەمڕۆ لە ٢٩یەمین ساڵیادی ئەو کارەساتە دڵتەزێنەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و نوێنەرانی ANCF و بەرپرسانی ئیدارەی شارەدێی دیبەگە، سەنتەرێکی رۆشنبیری و فەرھەنگی بە ناوی ھەڵەبجەی شەھید کرایەوە.



ئامانج لەکردنەوەی سەنتەرەکە، بۆ راھێنان و پەروەردەکردنی فیکری ئاوارەکانە، بەتایبەتی منداڵان و پێکھێنانی ژینگەیەکی پەرەوەردەییە لە ناو کەمپی ئاوارەکاندا.



موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەبارەت بە گرنگی ئەم ڕۆژە و ئەو کارەساتەی کە بەسەر ھاونیشتمانانی ھەڵەبجەدا ھات، ڕای گەیاند: ''لەم ڕۆژەدا شەھیدانی ھەڵەبجە لەیاد ناکەین و ئەوان ھەمیشە لە یاد و زھنی ئێمەدا بە زیندووی دەمێننەوە، بۆ کردنەوەی ئەو سەنتەرەش، ئاوارەکان تووشی کارەساتی مرۆیی بوونەوەتەوە، رۆژگارێک ئێمە ئەنفال و کیمیاباران دەکراین، ئێستا خەڵکانێک بەھۆی دڕندەیی تیرۆریستانەوە ھانایان بۆ ئێمە ھێناوە، بوونی ئەو جۆر سەنتەرانە لە ناو کەمپی ئاوارەکاندا دەتوانێت ژینگەیەکی لەباری پەروەردەیی و فیکریان بۆ دروست بکات، ھەوڵدەدین بتوانین لە رێی سەنتەرەکانەوە زیاتر لە کلتووری کوردیان نزیک بکەینەوە''.



پاشان نوێنەرانی Act Now Childrens Fund لە چەند وتەیەکدا ھاوخەمی خۆیان و ھاوھەوڵوێستییان سەبارەت بە کارەساتی ھەڵەبجە دەربڕی، سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان کرد بۆ ئەو ھاوکارییانەی کە پێشکەشی ئاوارەکانی دەکات.
BAS NEWS-
Top