سەنتەری هەڵەبجەی شەهید لە دیبەگە کرایەوە

سەنتەری هەڵەبجەی شەهید لە دیبەگە کرایەوە
لە ٢٩یەمین ساڵیادی کیمیابارانکرانی هەڵەبجەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ANCF)) سەنتەرێکی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی و فەرهەنگییان بە ناوی هەڵەبجەی شەهید بۆ کەمپەکانی دیبەگە کردەوە.

ئامانج لە کردنەوەی سەنتەرەکان بۆ ڕاهێنان و پەروەردەکردنی فیکریی ئاوارەکانە، بەتایبەتی منداڵان و پێکهێنانی ژینگەیەکی پەرەوەردەییە لەنێو کەمپی ئاوارەکاندا.

ڕێکەوتی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ شاری هەڵەبجە لەلایه‌ن ڕێژیمی بەعسەوە کیمیاباران کرا و ٥٠٠٠ هاووڵاتیی بێتاوانی شارەکە شەهید بوون. ئەمڕۆ، لە ٢٩یەمین ساڵیادی ئەو كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌دا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی (مووسا ئەحمەد)، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و نوێنەرانی ANCF)) و بەرپرسانی ئیدارەی شارەدێی دیبەگە، سەنتەرێکی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی بە ناوی هەڵەبجەی شەهید کرایەوە.

دەستپێکی مەراسیمی کردنەوەی سەنتەری هەڵەبجەی شەهید چەند دەقیقەیەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، بەتایبەتی شەهیدانی هەڵەبجە بوو، دواتر سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

(مووسا ئەحمەد) سەبارەت بە گرینگیی ئەم ڕۆژە و ئەو کارەساتەی کە بەسەر هاونیشتمانییانی هەڵەبجەدا هات، گوتی: ''لەم ڕۆژەدا شەهیدانی هەڵەبجە لە یاد ناکەین و ئەوان هەمیشە لە یاد و زەینی ئێمەدا بە زیندوویی دەمێننەوە.'' سەبارەت بە گرینگیی کردنەوەی سەنتەری هاوشێوەش لە کەمپەکاندا گوتی: ''ئاوارەکان تووشی کارەساتی مرۆیی بوونەتەوە، ڕۆژگارێک ئێمە ئەنفال و کیمیاباران دەکراین، ئێستا خەڵکانێک بەهۆی دڕندەیی تیرۆریستانەوە هانایان بۆ ئێمە هێناوە، بوونی ئەو جۆرە سەنتەرانە لەنێو کەمپی ئاوارەکاندا دەتوانێت ژینگەیەکی لەباری پەروەردەیی و فیکرییان بۆ دروست بکات، هەوڵ دەدین بتوانین لەڕێی سەنتەرەکانەوە زیاتر لە کەلتووری کوردییان نیزیک بکەینەوە''.

پاشان نوێنەرانی Act Now Children’s Fund)) لە چەند وتەیەکدا هاوخەمیی خۆیان و هاوهەوڵوێستییان سەبارەت بە کارەساتی هەڵەبجە دەربڕی و سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان کرد، بۆ ئەو هاوکارییانەی کە پێشکەشی ئاوارەکانی دەکات.

لە مەراسیمەکەدا شانۆگەرییەک لەسەر کارەساتی هەڵەبجە پێشکەش بە ئاماده‌بوان کرا و پەردە لەسەر پەیکەری (عومەری خاوەر) هەڵدرایەوە، کە پێشکەش بە سەنتەری هەڵەبجەی شەهید لە دیبەگە کرابوو.

جێگای ئاماژەیە، لە سەرجەم کەمپەکانی بەڕێوەبەری دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا ڕێز لە بیرەوەری شەهیدانی ئەم ڕۆژە نرا و کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەند دەقیقەیەک بە بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان ڕاوەستان.
kdp-
Top