"هەوڵ دەدرێت تا کۆنگرێسی ئەمەریکا ددان بە جینۆسایدکردنی کورددا بنێت"
(كرمانج عوسمان)، پسپۆری تاوانە نێودەوڵەتییەكان و ڕاوێژكاری دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە، ئەنفالی بارزانییەكان و سەرجەم ئەو تاوانە نامرۆڤانەی دەرهەق بە گەلی كورد كراوە، بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەكان چەندین تاوان لەخۆ دەگرن؛ وەكو تاوانی جەنگی، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانی جینۆساید، تاوانی دژ بە مافەكانی مرۆڤ و چەندین تاوانی دیکە...''
ئەو پسپۆرەی تاوانە نێودەوڵەتییەكان ڕوونی كردەوە: ''عێراق لە ڕووی نێودەوڵەتی و ئابووری و سیاسییەوە بەرانبەر بەو تاوانانەی ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق دژ بە گەلی كورد ئەنجامیان داوە، خەمساردە. عێراق تا ئێستاش كوێتی عەرەب قەرەبوو دەكاتەوە، کەچی كوردانی عێراق قەرەبوو ناكاتەوە. كەواتە عێراق ڕەگەزپەرستی دەكات و ئەمەش هەر تاوانە.''
(كرمانج عوسمان) ئاماژەیشی دا: ''بەداخەوە، تاكو ئێستا تەنیا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق تاوانی هەڵەبجە بە جینۆساید ناسێندراوە، ئەو تاوانە بە نێودەوڵەتی نەكراوە. خۆی دەبوو دادگایەكی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند دادگایی ئەو تاوانانەی كردبا، هاوشێوەی دادگای (رواندا و یوگسلاڤیا و ... هتد)، بەڵام عێراق، خۆی لەبەردەم بە نێودەوڵەتیكردنی كەیسی هەڵەبجەدا ڕێگر بووە، چونكە ئەگەر ئەم تاوانە بەنێودەوڵەتی بكرێت، دەبێتە هۆی زیاتر ناساندنی كورد و یارمەتیدەر دەبێت بۆ پشتگیریكردنی وڵاتان لە دەوڵەتی كوردستان. لەلایەكی ترەوە، بەپێی دادگا دەبوو عێراق كۆڵان بە كۆڵانی هەڵەبجە و بارزان و سەرجەم ناوچە تاوان لێكراوەكان قەرەبوو بكاتەوە. كەچی خۆ لەو ڕۆژەوەی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە تاوانی هەڵەبجە بە جینۆساید ناسێندراوە، هیچ ساڵێك لە پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراقدا هیچ قەرەبوویەك بۆ هەڵەبجە دیاری نەكراوە.''
(كرمانج عوسمان) دەڵێ: ئێمە لە هەوڵەكانمان ناوەستین و خەریكین هەڵەبجە و سەرجەم تاوانەكانی تر بەنێودەوڵەتی دەكەین لە ڕێی:
یەكەم: لە نەتەوەیەكگرتووەكان بڕیارێك دەربچێت و ئەم تاوانانە بە جینۆساید بناسێنێت.
دووەم: لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لۆبییەكانمان زیاتر دەكەین و لەڕێی دادگاوە هەموو ئەو كۆمپانیایانەی چەكیان بە ڕژێمەكانی عێراق فرۆشتووە و لەدژی كورد بەكار هاتوون، دەبێ ئەم تاوانە بۆ خەڵكی هەرێم قەرەبوو بكەنەوە، كە ژمارەیان 130 كۆمپانیایە و ناو و زانیاریی تەواومان كۆكردوونەتەوە. ڕەشنوسێكیشمان ئامادە كردووە و تاوان لێكراوان كۆدەكەینەوە بۆ ئەوەی سكاڵا لەسەر ئەم كۆمپانیایانە تۆمار بكەن.
سێیەم: پاڵەپەستۆ دەخەینە سەر حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی پابەندی ڕێوشوێنەكانی بەنێودەوڵەتیكردنی ئەم كەیسانە بێت، چونكە ئەو حكوومەتە بووە ئەم تاوانەی ئەنجام داوە. كە ئەمەش یاسای نێودەوڵەتییە و دەبێ عێراق پێوەی پابەند بێت.
چوارەم: خەریكین لە مۆزەخانەی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی واشنتۆن شوێنیكمان پێ بدرێت بۆ نمایشکردنی ئەو تاوانانەی بەرانبەرمان كراون؛ ئەو مۆزەخانەیەش سەر بە كۆنگریسی ئەمەریكایە و لەگەڵ كۆنگرێسمانەكان لە هەوڵداین بۆ ئەوەی لە كۆنگرێسی ئەمەریكادا ئەو تاوانانەی دەرهەق بە كورد كراون بە جینۆساید بناسێندرین.''
kdp-
