"مەڕاسیمی یادکردنەوەی هەڵەبجە بە حزبی کرا و دوور لە هەستی نەتەوەیی بەڕێوەچوو"

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی-هەڵەبجە دەڵێ، لەبەر ئەوەی بەڕێوبەرانی مەڕاسیمی یادکردنەوەی هەڵەبجە بەمەبەست شوێنی شایستەیان بۆ شاندی پارتی دابین نەکردبوو، کە شایستەی مەکانەتی سیاسی و پێگەی جەماوەری و مەعنەویی پارتی بێت، شاندی پارتی دوای ٣٠ خولەک مەڕاسیمەکەی جێهێشت و بەشداریی نەکرد..لای خۆیشیەوە بەرپرسی لقی پارتی لە هەڵەبجە ئاشکرای کرد کە مەڕاسیمەکە بەحزبی کرا و دوور لە هەستی نەتەوەیی بەڕێوەچوو.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی-ھەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان، (عەتا شێخ حەسەن)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لەکاتێکدا ئەمڕۆ، (٢٩) ساڵ بەسەر مەرگەساتی ھەڵەبجەدا تێدەپەرێت، لە دیدی ئێمەدا ھەڵەبجە زامێکی ھێندە قووڵە لە جەستەی نیشتمان و بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیماندا، کە تەنیا بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان ئەو زام و ئازارە سارێژ دەبێت، بۆیە ھەمیشە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و, وەک ئەرکی سەرشانمان لەگەڵ خەمی دانیشتوانی ھەڵەبجەدا ژیاوین و, وەک بەشێکی ستەملێکراوی جەستەی نیشتمان لێی دەڕوانین.''

(عەتا شێخ حەسەن) گوتی: ''پارتی دیموکراتی کوردستان, سەرۆک, مەکتەبی سیاسی, سەرجەم ئۆرگانەکانی پارتی, ساڵانە بە پەرۆشەوە لە یادی ھەڵەبجەدا ماتەمینی و ھاوخەمی بۆ مەرگەساتی ھەڵەبجە دەردەبڕین و، لە پڕۆژەی خزمەتگوزاریشدا ھاوکار و ھەماھەنگ و دەستپێشخەر بووین بۆ خزمەتی ھەڵەبجە، پڕۆژەی بەپارێزگاکردنی شار و, دابینکردنی ئاوی خاوێنی خواردنەوە و کردنەوەی زانکۆ، وەک باڵاترین مەرکەزی ڕۆشنبیری لە دەڤەرەکەدا، نموونەی بەرچاون.''

(عەتا شێخ حەسەن) بیری هەموولایەکی هێنایەوە کە ''پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگی ھەڵەبجەی گەیاندووەتە سەرجەم پایتەختەکانی جیھان و زۆرترین ھاوکاریی بۆ ھەڵەبجە کۆکردووەتەوە، بەڵام بەداخەوە، ئیدارەدانی ھەڵەبجە لاواز بووە, ویستراوە ھەڵەبجە بە وێرانی بمێنێتەوە. پارتی خاوەنی زۆرترین شەھیدە لە ھەڵەبجە و, جەماوەری بەشەرەفی ھەڵەبجەش ئاگادارن, کە پارتی ھەرگیز لە ھەڵەبجە دانەبڕاوە و ھەڵەبجەی وەک ھێرۆشیما پێناسە کردووە و ھەمیشە لە دیاریکردنی داھات بۆ شارەکە و ئاوەدانکردنەوەی و دڵنەواییی خەڵکەکەی و چارەسەرکردنی بریندارەکانیدا بەرگریکاری مافەکانی ھەڵەبجە بووە."

گوتیشی کە بەداخەوە "ئەمڕۆ، (شێخ ئەدھەم بارزانی), وەک کەسایەتییەکی دیاری مەعنەویی بنەماڵەی (بارزان) و وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی-ھەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە مەڕاسیمی یادی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا بەشدار بوو، دوای ڕاوەستانی ماتەمینی و ڕێزگرتن لە شەھیدان و خوێندنی سورەتی (فاتیحە) بۆ ڕۆحی پاکیان و بەخشینی تاجەگوڵینە بە مەزاری مەزڵوومی شەھیدانی ھەڵەبجە و دوای تیپەربوونی (٣٠) خولەک و لەبەر نەبوونی ئیدارەیەکی شایستە و سەرکەوتوو, بۆ بەڕێوبردنی یادەکە و بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی پارێزگای ھەڵەبجە و، لەبەر ئەوەی بەڕێوبەرانی مەڕاسیمەکە بەمەبەست شوێنی شایستەیان بۆ شاندی پارتی دابین نەکردبوو، وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ئیدارەی مەڕاسیمەکە و ئیدارەی پاریزگای ھەڵەبجە، بەباشمان زانی لە شوێنێک نەبین، کە شایستەی مەکانەتی سیاسی و پێگەی جەماوەری و مەعنەویی پارتی نەبێت, کە گەورەترین ھێزی سیاسیی کوردستانە، بۆیە دوای (٣٠) خولەک شاندی پارتی ھۆڵەکەی بەجێھێشت.ھەڵەبجە و دانیشتوانە قوربانیدەرەکەی لەسەر چاوان دادەنێن، بەڵام ئامادە نین تەحەممولی بێئیدارەییی مەڕاسمێک بکەین، کە لە ئاستی گەورەیی و قوربانی و مەزڵومییەتی خەڵک و سوتماکی ھەڵەبجەدا نەبێت.''

هەر پێوەست بەو مەڕاسیمە، بەرپرسی لقی پارتی لە هەڵەبجە،
(فازڵ بەشارەتی) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: ئەوەی بینیمان لە مەراسیمی هەڵەبجەدا مۆرکێکی حزبی پێوەدیار بوو و بەحزبی کرا لە هەمانکاتدا بەشێوەیەکی نابەرپرسیارانە مامەڵەکرا و هەژماری پارتی و پێگەی پارتی نەکرا، جگە لەوەش خەڵکانی دیکە و لایەنی دیکەش لەم مەراسیمەدا بەشێوەیەکی حزبیانە مامەڵەیان لەگەڵدا کرا کە دووربوو لە هەستی نەتەوەیی، بۆیە بڕیارماندا مەڕاسیمەکە جێبێڵین".

(بەشارەتی) دەشڵێ، سووکایەتیان بە شاندی پارتی کرد، هەڵبەت مانای رێزگرتن و کاری پڕۆتۆکۆڵیان نازانی، بۆیە پێمان قەبووڵ نەکرا.
kdp-
Top