نووری حەمە عەلی: پیلانگێڕیی حەشدی شەعبی بۆ ڕێگرتن لە سەربەخۆییی کوردستان سەرناگرێت

نووری حەمە عەلی: پیلانگێڕیی حەشدی شەعبی بۆ ڕێگرتن لە سەربەخۆییی کوردستان سەرناگرێت
ماوەیەکە حەشدی شەعبی لە هەندێ شوێنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا دەستیان کردووە بە ناونووسکردنی خەڵک بۆ ئەوەی چەکداریان بکەن و دەشیانەوێت هاووڵاتییانی کورد ببەنە ڕیزەکانیانەوە، بەڵام وەک ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دەڵێت، حەشدی شەعبی لەم پیلانگێڕییەدا سەرکەوتوو نابێت، کە ئامانجیان لێی دژایەتیکردنی سەربەخۆییی کوردستانە.

(نووری حەمە عەلی)، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: ''ئەوەی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەرانبەر بە کورد کردوویانە، دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق درێژەی پێ دەدەن و ناونووسکردنی ھاووڵاتییان کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو پیلانانەی دوژمنانی کورد بۆ ئەوەی پڕۆژەی سەربەخۆیی سەرنەگرێت، بەڵام ھەرێمی کوردستان ڕژدە لەسەر ئەوەی کە دەبێ پڕۆژەی سەربەخۆیی ڕابگەیەنین و (سەرۆک بارزانی) و ھێزی پێشمەرگە ئەو دەرفەتەیان ڕەخساندووە و کاری بۆ دەکرێت.''

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ھەر ھاووڵاتییەکی کورد پێوەندیی بە حەشدی شەعبیەوە بکات، کارەکەی دەچێتە چوارچێوەی خیانەت لە نەتەوە و نیشتمانی خۆیەوە، چونکە پێشتر دوژمنانی کورد بە ناوی جوراوجۆر ھەوڵیان داوە، خەڵکی کورد دژی نەتەوە و سەرکردایەتییەکەی چەکدار بکەن، لای ئێمە، وەک پارتی، ئەوەی حەشدی شەعبی دەیکات، بۆ چەکدارکردنی ھاووڵاتییانی کورد، تەنیا بۆ ئەوەیە ڕۆژێک دژی ھەرێمی کوردستان ھان بدرێن و بەکار بھێندرێن.''

(نووری حەمە عەلی) گوتیشی: ''پێویستە کورد سەبارەت بەو پیلانەی حەشدی شەعبی و دوژمنان بۆ ناونووسکردنی ھاووڵاتییانی کورد وریا بێت. حەشدی شەعبی خراپیی گوزەرانی ھاووڵاتییانی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکان بەدەرفەت زانیوە، بەڵام ئێمە ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، ئەو پیلانە سەرناگرێت و بە درێژایی مێژوو حکوومەتەکانی عێراق بە ناوی جاشایەتییەوە خەڵکی کوردیان بەکار ھێناوە و دواجار پیلانەکانیان لەنێو بردراون و ھەر گەلی کورد سەرکەوتووە.''
kdp-
Top