ئەدھەم بارزانی: بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە دەسکەوتێکی مەزنە بۆ خەڵکی کوردستان

 ئەدھەم بارزانی: بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە دەسکەوتێکی مەزنە بۆ خەڵکی کوردستان
ئەدھەم بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سلێمانی و هەڵەبجە، لەبارەی ساڵیادی کیمیابارانکردنی پارێزگای ھەڵەبجەەوە لە لێدوانێکدا گوتی: "ھەڵەبجە زامێکی گەورەی لەبیر نەکراوە، لەمێژووی بزاڤی ڕزگاری خوازی گەلی کورد، بێگومان کیمیابارانکردنی ئەم شارە لەلایەن حکومەتی بەعسەوە، یەکێکە لە کارەساتە ھەرە گەورەکانی گەلی کورد کە ھەمیشە زامەکەی وەک خۆی دەمێنێتەوە، بۆیە ئێمە لەم یادە مەزنەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەھیدانی ھەڵەبجە دادەنوێنین."

گوتیشی:" بە پارێزگا بوونی ھەڵەبجە دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی خەڵکی شاری ھەڵەبجە، ھەروەھا شانازییەکی گەورەیە کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، واژۆی بە پارێزگابوونی ھەڵەبجەی کردووە."

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیی لە پارێزگای سلێمانی - ھەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد: "پێویستە خزمەتی زیاتری خەڵکی ھەڵەبجە بکرێت، چونکە خەڵکی ئەم شارە خۆشەویستە بەھۆی ئەو کارەساتە تراژیدیاییەوە ناسۆرێکی ئێجگار زۆریان چێشتووە، بۆیە ھەرچی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەم شارە بکرێت، ھێشتا کەمە و دەبێ خزمەتی زیاتری ئەم خەڵکە بکرێت."












باسنیوز
Top