عەبادی لە ساڵوەگەڕی کیمیابارانی هەڵەبجە پەیامێک دەکاتەوە
لە پەیامەکەدا، کە نووسینگەی راگەیاندنەکەی بڵاوی کردووەتەوە، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، شوێنەوارەکانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە ”شاهێدی زیندوون“ لەسەر تاوانەکانی رژێمی ”بەعسی گۆڕبەگۆڕ“.
حەیدەر عەبادی پێیوایە تیرۆریستان لە عێراق، کە زۆربەیان خۆیان لە چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش دەبیننەوە، درێژکراوەی رژێمی بەعسن و بەردەوامین لە سەرکەوتنەکانمان بەسەریان.
سەرۆک وەزیرانی عێراق درود بۆ گیانی شەهیدانی هەڵەبجە دەنێرێت و رایدەگەیەنێت، ئەوانەی ئەو تاوانە گەورەیەیان ئەنجام داوە، ”بەردەوام رووڕەشن“.
لە رۆژی 16ـی ئاداری 1988، رژێمی بەعسی عێراق شاری هەڵەبجەی بە چەکی کیمیاوی بۆردومان کرد، کە بەهۆیەوە پێنج هەزار هاووڵاتی، شەهید بوون و هەزارانی دیکەش بریندار بوون.
باسنيوز
