بارزانی: باشترین وەفا بۆ شەهیدانی هەڵەبجە سەربەخۆیی کوردستانە

 بارزانی: باشترین وەفا بۆ شەهیدانی هەڵەبجە سەربەخۆیی کوردستانە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەیان پێشمەرگە یادی قوربانییانی کارەساتی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە دەکاتەوە و باسی باشترین وەفا بۆ شەهیدان دەکات.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وێنەیەکی خۆی بڵاو کردووەتەوە، کە لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگەی کوردستان وەستاوە.

مەسعود بارزانی وێڕای ناردنی دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدان، رایگەیاندووە، باشترین وەفا بۆ شەهیدانی شاری هەڵەبجە و هەموو کوردستان، ”ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانە“.

لە رۆژی 16ـی ئاداری 1988، رژێمی بەعسی عێراق شاری هەڵەبجەی بە چەکی کیمیاوی بۆردومان کرد، کە بەهۆیەوە پێنج هەزار هاووڵاتی، شەهید بوون و هەزارانی دیکەش بریندار بوون.

پەرلەمانی کوردستان وەک رێزگرتنێک لە گیانی شەهیدانی هەڵەبجە، بڕیاری داوە ساڵانە کاتژمێر 11ـی سەرلەبەیانیی رۆژانی 16ـی ئادار، هاوولاتیی و فەرمانبەرانی کوردستان پێنج خولەک بووەستن.













باسنيوز
Top